پۆستی سەرۆكی هەرێم هەڵدەوەشێنرێتەوە
لایەنە سیاسییەكان بۆ دەرچون لە دۆخی چەقبەستوی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكەن تا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێننەوە.
لەوبارەیەوە ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان بە رادیۆی نەوای راگەیاند: بابەتی هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم، بابەتی زیندوی ئێستایە بۆ دەرچون لە دۆخی چەقبەستوی هەرێمی كوردستان و گەیشتن بە چارەسەر، تەنانەت بۆ كاركردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دەبێت ئێمە گفتوگۆ لەسەر چارەنوسی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین، یەكێك لە پێشنیارەكان ئەوەیە ئەو پۆستە هەڵبوەشێنینەوە وەك چۆن لە ساڵانی 1992 تا 2005 ئەو پۆستە نەبوە، بەو شێوەیەش دەسەڵاتە یاساییەكان بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و دەسەڵاتە جێبەجێكارەكان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
هەڵەدنی وتیشی: ئێمە دەتوانین ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین، مانگێكە پەرلەمانی كوردستان كارا كراوەتەوە نەیتوانیوە نە یاسا نە بڕیار دەربكات، بەهۆی گرفتی واژۆی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەمبارەیەوە جۆرێك لە نەرمی هەیە، چونكە كاتێك كۆمسیۆنی باڵای راپرسی و هەرێم دەستی بە رێكارەكان كرد كاندید نەبو بۆ ئەو پۆستە، ئەمە بەڵگەیە بۆئەوەی ئەو پۆستە لەلای پارتیش گرنگی جارانی نەماوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان وتیشی: لەمبارەیەوە پارتی نەرمی نیشانداوەو ئێمە لەسەروبەندی كۆبونەوەكانی ئەمدواییەشەوە ئەوەمان لە هاوڕێیانی پارتی دەبینی كە جۆرێك لە نەرمی نواندن هەیە لەسەر ئەم پێشنیارە.
