ساڵێک، لە هەرێمى کوردستان، تەنیا هەشت مانگە !
هەرچەندە فەرمانبەرانى کوردستان زیاتر پێشوازی لە رۆژانی پشوو دەکەن و وەک دەرفەتی حەوانەوە لێی دەڕوانن، بەتایبەت لەسەردەمى جێبەجێکردنى سیستەمى پاشەکەوتى مووچە، بەڵام بەپێى شیکردنەوەیەک کە ماڵپەڕی“یەڵڵا” بۆ داهاتى ساڵانەى حکومەت کردویەتی، هەر رۆژێکى پشوو حکومەتى هەرێم زیاتر لە 33 هەزار دۆلار زیانى بەردەکەوێت، کە ساڵانە دەکاتە نزیکەى 4ملیار دۆلار.
لە زۆربەی فەرمانگەکانی حکومەتى هەرێمى کوردستان، رۆژانی هەینی و شەممەی هەموو هەفتەیەک پشووە، واتە لەساڵێک 96 رۆژ پشووی هەینى و شەممەیە، ئەگەر پشووەکانى دیکەش ئەژماربکرێت، لە 360رۆژەکەی ساڵدا 117رۆژ پشووی فەرمی و دانپێدانراوی حکومەتە، واتە یەک لەسەر سێى رۆژەکانى سالێک لە هەرێمى کوردستان، پشووى فەرمییە.
لە دواین پرۆسەى دیاریکردنى پشوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی جەژنی قوربانی راگەیاندووە کە لە رۆژی پێنجشەممە 2017/8/31 دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی سێشەممە 2017/9/5 بەردەوامدەبێت، بۆیە ئەگەر لە رووى ژمارەییەوە لیکدانەوە بۆ رۆژەکانى ساڵ بکەین، لەکۆى 12 مانگ، تەنیا 8 مانگى دەوامى فەرمییە، چوار مانگى ساڵ، پشووى فەرمییە.
بەپێى شیکردنەوەیەکى یەڵڵا، داهاتى مانگانەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە فرۆشتنى نەوت و داهاتى ناوخۆیى نزیکەى 1ملیار دۆلارە، واتە ساڵانە 12 ملیار دۆلارە، واتە لە هەر رۆژێک پشوو، 33 هەزار دۆلار زیانى بەردەکەوێت، کە لە ساڵێکدا دەکاتە 3ملیار و 900 ملیۆن دۆلار، جگە لە وەستانى پرۆژەکانى وەبەرهێنان و کەمبوونەوەى ئاڵۆگۆرى بازرگانى و وەستانى کەرتەکانى پیشەسازى و بازرگانى و کشتوکاڵ.
عێراق و هەرێمى کوردستان وڵاتێکە لەڕووی ئایین، ئاینزا و نەتەوەوە فرە پێکهاتەیە، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر زیادبوونی پشووەکان هەیە، بە جۆرێک پشووەکان دابەشبوون بۆ نیشتمانی، ئاینی، مەزهەبی و نەتەوەیی.
پشووە نیشتمانییەکان کە هەندێکیان جیهانین، بریتین لە سەری ساڵی نوێ، شەشى کانوونی دووەم ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق، 11ی ئادار رێککەوتنی کورد و رژێمی عێراق، 21ی ئادار جەژنی نەورۆز، نۆی نیسان رۆژی رووخانی رژێمی بەعس، یەکی ئایار رۆژی کرێکاران، 14ی تەمموز، رووخانی رژێمی پاشایەتی، سێی تشرینی یەکەم رۆژی نیشتمانی.
هەروەها پشوو و بۆنە ئاینییەکانیش وەک جەژنی رەمەزان 3 رۆژ لە 1 بۆ 3ی مانگی شەوال، جەژنی قوربان 4 رۆژ لە 10 بۆ 14ی مانگی زولحیجە، 1ی موحەڕەم سەری ساڵی کۆچی، 10ی موحەڕەم (رۆژی عاشوورا)، 12ی رەبیعی یەکەم لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام.
پێکهاتە ئاینییەکانی دیکەی عێراق و کوردستانیش چەندین پشوویان هەیە، لەوانە ئێزدییەکان: جەژنی جەما 7-13ی تشرینی یەکەم، جەژنی چلەی هاوین لە 30ی تەمموز تا 2ی ئاب، جەژنی سەری ساڵ (چوارشەممەی یەکەمی مانگی نیسان)، جەژنی رۆژوو، یەکەم پێنجشەممەی مانگی کانوونی یەکەم.
مەسیحییەکان: جەژنی لەدایکبوونی مەسیح 25ی کانوونی یەکەم، جەژنی گەورە (قیامە)، جەژنی هەڵکشان (سعود). هەروەها ئەو رۆژانەش بە پشووی نەتەوەیی کلدانی ئاشووری دانراون: یەکی نیسان، سەری ساڵی بابلی ئاشووری. سابیئەی مەندایی پێنج بۆنە و جەژنیان هەیە: 25ی نیسان، جەژنی گەورە 2 و 7ی مانگی ئاب، جەژنی بچووک 23ی تشرینی دووەم، جەژنی وهنە و لمافە.
بەڵام لەسەر ئاستی جیهان، ئەو وڵاتانەی زۆرترین رۆژانی پێشووی فەرمییان هەیە بریتین لە: نەمسا 38 رۆژ، ماڵتا 38، پۆڵەندا 37، بۆلیڤیا 37، یۆنان 37، بەریتانیا 36، فەرەنسا 36، سوێد 36، ڤەنزوێلا 36، ئیسپانیا 36 و ئێران 26 رۆژ.