روونکردنەوەیەک لەنوسینگەی رۆژنامەوانی کۆسرەت رەسوڵ-ەوە
نوسینگەی رۆژنامەوانی، کۆسرەت رەسوڵ، روونکردنەوەیەک، بڵاودەکاتەوە، لەسەر لێدوانێکی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نەتەوەو پێکھاتە جیاوازەکانی کەرکووک.
لەروونکردنەوەکەدا ھاتووە، دوێنێ سێشەممە، لە کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ نەتەوەو پێکھاتە جیاوازەکانی کەرکووک، کۆسرەت رەسوڵ عەلی وتەیەکی کورتی پێشکەشکرد.
ھەروەھا ھاتووە، لە وتەکەیدا، ئاماژەی بە مافی گەلی کوردستان لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆی و مامەڵەی حکومەتی ناوەند لەگەڵ کورد، کرد و لەبەشێکی وتەکانیدا وتی"مەبدەئی شەراکەت لە حکومەتی عێراقی لە دەستوور تەسبیت بووە، مەبدەئی شەراکەتیش ئەوەیە کە ھەموومان شەریک بین، بەڵام ئێستا کەسمان نەماو ھەموو کوردەکانیان دەرکرد، ئەگەر دیموکراتیەت لای ئەوان ئەوەیە ئەوە شتێکی ترە".
ئەوەخراوەتەڕوو، مەبەست لەم قسانەی کۆسرەت رەسوڵ، ئەوەیە کەبەداخەوە مەبدەئی شەراکەت لە حکومەتی عێراقی نەماوە، و لێپرسراوە کوردەکان لەبەغدا نەماون، و بەشی زۆریان ناردنەوە کوردستان و دەریانکردن،"کە ئەمەش کۆتایی بەبنەمای شەراکەتی راستەقینە دەھێنێ و پێشێلی بڕگەو ماددەکانی دەستووری ھەمیشەیی عێراقە".
