پێشمەرگەیەک شەهید و سیانى تریش بریندار بوون
بەرەبەیانى ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە پێشمەرگەیەک شەهید بوو، سێ پێشمەرگەی ترى فەوجی کاکەییەکان بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە فەرهاد نەزەر، جێگری فەوجی کاکەییەکان بە ئێن ئاڕ تی وت "لەکاتی هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبیلێکی پێشمەرگە لە نێوان گوندی زەنگڵبانە و ئەلبوو محەمەد بۆمبێک بە ئۆتۆمبیلەکەیاندا تەقیوەتەوە و پێشمەرگەیەک شەهید بووە و سێ پێشمەرگەی تر بریندار بوون".
هەروەها وتیشى، ئەو پێشمەرگەیەى کە شەهید بووە ناوى (سیروان جەمیل)ەو لە فەوجى کاکەییەکانى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەیەکە دانانى بۆمب و هێرشەکانى داعش بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە داقوق و خورماتوو زیادییان کردووە.
فەرماندەکانى پێشمەرگەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە چەند چەکدارێکى داعشن و لە حەویجە و حەمرینەوە هاتوچۆ دەکەن و چالاکى ئەنجام دەدەن.
