منداڵێکی ٩ ساڵان داوای دامەزراندن لە ناسا دەکات
نامەی منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵ سەرنجی ناسای راکێشا کە لە نامەکەدا داوای لە ناسا کردبوو بیکەن بە "پاسەوانی هەسارەی زەوی".
ماڵپەری سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئاژانسی نیشتیمانی و بەڕێوەبەرایەتی بۆشاییگەری ئەمریکا ناسراو بە ناسا ئەم هەفتەیە بەدوای کەسێکدا دەگەڕا کە بیکەنە پاسەوانی هەسارەی زەوی بۆ پاراستنی لە پیسبونی بە میکرۆبی هەسارەکانی دیکە.
یەکێک لەو کەسانەی داوای دامەزراندنی بۆ ئەو پۆستە لە ناسا کردبوو، منداڵێکی ٩ تەمەن ساڵە بەناوی جاک دەیڤس کە خوێندکاری پۆلی چواری سەرەتاییە و دانیشتووی ویلایەتی نیو جێرسی ئەمریکایە.
دەیڤس لە نامەکەدا نوسیبووی "هەرچەندە من تەمەنم نۆ ساڵە بەڵام پێم وایە گونجاوم بۆ ئەو کارە".
دەیڤس لە نامەکەیدا باسی ئەزموونی خۆی کردووە و نوسیویەتی، زۆرینەی ئەو فیلمانەی بینیوە کە دەربارەی بۆشایی ئاسمان و بوونەوەرە ئاسمانییەکان هەیە، و بەنیازیشە لە داهاتوویەکی نزیکدا فیلمی مێن ئن بلاک ببینێت کە دەربارەی بوونەوەری ئاسمانییە.
باسی لەوەشکردووە کە ئەو منداڵە و توانای فێربوونی باشە و دەتوانێت فێرببێت کە وەکو بوونەوەری ئاسمانی بیربکاتەوە.
ناسا وەڵامی نامەی دەیڤسی دایەوە و دەستخۆشیان لێکرد بۆ ئەو خولیایەی کە هەیەتی، هەروەها هەندێک زانیاری دیکەیان لەسەر ئەرکەکانی ئەو پۆستە بڵاوکردووەتەوە، کە ئەو کەسەی دادەمەزرێت ئەرکی پاراستنی زەوی دەبێت لە میکرۆبی بچوک دوای ئەوەی نموونە لە مانگ و مەریخ و هەسارە بچوکەکان وەردەگیرێت، هەروەها ئەو کەسە دەبێت هەسارەکانی دیکە و مانگیش لە میکرۆبەکانی زەوی بپارێزێت
هەرچەندە ناسا نەیتوانی منداڵەکە لای خۆی دابمەزرێنێت، بەڵام داواکەی بەتەواوی رەتنەکردەوە و داوایلێکرد کە لە خوێندنەکەی سەرکەوتووبێت چونکە ناسا هەمیشە بەدوای زانا و ئەندازیاردا دەگەڕێت کە بتوانێت هاوکارییان بکات.
ئەو کەسەی کە دەکرێتە "پاسەوانی گەلەستێرەی گالاکسی" شوێنی کاسرین کۆنڵی دەگرێتەوە کە موچەی ساڵانەی ١٢٧ هەزار دۆلارە.
