کێشەی جوڵە سیاسییەکەی کاک شاسوار چییە؟
بێگومان جیاوازی یەکێکە لە ڕووە جوانەکانی سیاسەت، وەک هانا ئارێنت دەڵێت؛لەکوێ جیاوازی هەبوو لەوێش سیاسەت هەیە، واتا ناکرێت سیاسەت یەک ستایل بێت، یەک دیو بێت، فرەی و فرە ئاوازی ڕویەکی جوانی سیاسەتە، بەڵام بەردەوام ستەمکارو فەرخە دیکتاتۆرەکانیش دژی جوڵەی جیاوازو ئاوازی جیاوازن، ستەمکارەکان ناتوانن پلۆڕاڵی ساسی قبوڵ بکەن.
دیموکراسیش ناوەڕۆکەکەی جیاوازییە، کاتێک هەموان بونە یەک ستایل یان بەزۆر کران بەیەک ستایل دیموکراسی مانای نامێنێت، ستەمکاری سیاسی بەردەوام حەزی لەیەک ستایلی سیاسەتە بەدڵی خۆی، بۆیە ستەمکارەکان پاشەڵیان خراپ لە کورسی دەسەڵات دەکرێتەوە.
جیاوازی ڕویەکی جوانی سیاسەتە، ئێستا لەهەرێمی کوردستان بابەتی ڕیفراندۆم گەرمترین بابەتە، دوو بەرەش بونی هەیە بۆ بەڵێ و نەخێر،شاسوار عەبدولواحید کە خاوەن سەرمایەو ڕاگەیاندنە بەئاشکرا بەرەی نەخێری ڕاگەیاندووە، شاسوار بۆتە خاوەن جوڵەیەکی سیاسی، ئەگەریش هەیە ببێتە خاوەنی لیستی سیاسی بۆ هەڵبژاردن.
کاک شاسوار بەهەموو ماناکان جورئەتی کرد بەئاشکرا بڵێ نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا، هەرچەندە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی شەرمنانە نەخێریان گوتووە، ئەوەی مایەی پرسیارە بۆمن ئایا جوڵەی سیاسی شاسوار سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە خۆدەگرێت؟ مەبەستم ناوچەی زەرد و سەوزونیلیە.
پێموایە بەشێکی حیزبەکان کێشەی سەرتاسەربوونیان هەیە، پارتی تا ئێستا لە سلێمانی لاوازە، گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتی لە دهۆک لاوازن، هەولێریش بۆ هەموانە و کەس زۆرینەی نییە، جوڵە سیاسییەکەی شاسواریش گەر تەنیا لەناوچەی سلێمانیدا بێت کێشەیە، هەمان گرفتی پێشوو دوبارە دەکاتەوە، دەبێت هەموو ناوچەکان بکرێنە یاریزانی سەرەکی لە یاریگای جوڵە سیاسییەکەی شاسواردا، تا جوڵەسیاسیەکە بە باشی و لەماوەیەکی دیاریکراودا ئامانجەکانی بپێکێت.
ئەگەر جوڵە سیاسییەکەی شاسوار تەنیا لە سلێمانی گەرم وگوڕ بوو ئەوا داخراو دەبێت ودەبێتە جوڵەیەکی دووسەرە، سەرێک لەناو نەخێری ڕیفراندۆمدا خزمەت بە سیاسەتەکانی گۆڕان و کۆمەڵ دەکات، سەرەکەی تر ئەگەر لەهەڵبژاردن کاک شاسوار لیستی خۆی هەبێت لە زەرەری دەنگەکانی گۆڕان و کۆمەڵ دەبێت، چونکە بەرەی تازەی ناڕەزای دەتوانێت لەڕێگەی ئەرگۆمێنتە سیاسیەکانەوە دەنگە ناڕازییەکان بۆلای خۆی ڕاکێشێت، بەتایبەتی کەخاوەنی دەزگای میدیای گەورەی پڕبینەری وەکNRTی بێت.
جوڵە سیاسیەکەی شاسوار پێویستە زۆر بەهێزبێت بەرامبەر دەسەڵاتی جوت حیزب، ئەگەرنا زوو بچوک دەبێتەوە، پێویستە بۆگشت ناوچەکانی هەرێم بێت هەرچەندە ڕێگری گەورەشی دەبێت، بەڵام جێگرتنەوەی کاک نەوشیروان بە کاک شاسوار زۆر زەحمەتە، وەک چۆن جێگرتنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بە جوڵە سیاسیەکەی کاک شاسوار زەحمەتە.
سەرڕای هەموو شتێک بوونی جیاوازی و دروستکردنی جوڵەی سیاسی جیاواز دژی دەسەڵات ئازایەتییەو دیموکراسییە، دەکرێت شاسواریش لەسیاسەتدا ئەسپی خۆی هەبێت و ببێتە شاسواری سیاسیش، بەڵام دەبێت چاوڕوان بکەین جوڵە سیاسییەکەی شاسوار تاکوێ دەڕوات و سنورەکەی چەندفراوان دەبێت، چونکە مانەوەی جوڵە سیاسیەکە تەنیا لەسلێمانیدا دەبێتە هۆی بچوکبوونەوە و لاوازبوونی جوڵەکە.
