فەرمانبەران شەش ملیار و (700) ملیۆن دۆلاریان لاى حکومەتە
بەهۆى سەپاندنى سیستمى پاشەکەوت و پێنەدانى موچەى چەند مانگێکى ساڵى (2015)ەوە، فەرمانبەران شەش ملیار و (700) ملیۆن دۆلاریان لاى حکومەتى هەرێمە.
رۆژنامەى (ئاوێنە) لە زارى "سەرۆکى سەنتەرى زانیارى و لێکۆڵینەوەى ستراتیژى کوردستانەوە" بڵاوى کردوەتەوە؛ سێ سیناریۆ لەسەر بنەماى زیادبونى داهات بۆ دەستکاریکردنى سیستمى موچە و پاشەکەوت خراوەتە بەردەست ئەنجومەنى وەزیران، بەڵام ئاماژەى بەوەکردوە کە هێشتا دیراسەى سیناریۆکان دەکرێت.
ئاراس خۆشناو ئاماژەى بەوەشکردوە؛ حکومەتى هەرێم ئێستا زیاتر لە هەشت ترلیۆن دینار قەرزارى فەرمانبەرەکانیەتى کە دەکاتە نزیکەى (6.7) ملیار دۆلار، لە سیناریۆى سێیەم بیر لە دانەوەى ئەو قەرزانەش کراوەتەوە، بەشێوەیەک کە لە رێگەى بارکۆدى بایۆمەترى فەرمانرەکەوە بخرێتە سەر ژمارەیەکى حسابێکى بانکیى، بەڵام لە ئێستادا داخراو بێت.