پارتی لهسهر پاشهكهوتی موچه مژده ڕادهگهیهنێت
میدیاكانی سهر به پارتی دیموكراتی كوردستان جهخت لهوه دهكهنهوه كه پێش ئهنجامدانی ریفراندۆم له ههرێمی كوردستان دەستكاری سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دهكرێت وچەند ئەگەرێكیش باس دەكرێن بۆ چۆنیەتی دەستكاریكردنی مووچە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی ههفتهنامهی (باس)ی نزیك له پارتی دیموكراتی كوردستان لە چەند سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی دەستی كەوتووە، یەكێك لە پێشنیازەكانی دەستكاریكردنی مووچە كە دیراسەی زۆری كراوە لە لایەن وەزارەتی دارایی بریتیە لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەكان هەڵبگیرێن.
بەپێی ئەو پێشنیازە تەنها چەند دەرماڵەیەكی جێگیر دەمێنێتەوە لەوانە دەرماڵەی بڕوانامە و هاوسەر و منداڵ، دەرماڵەكانی ترسناكی و پیشەییەكان و دەرماڵەی پۆست و پایە هەموو ئەوانە هەڵدەگیرێن.
مووچەی بنەرەتی و دەرماڵەی ھاوسەر و خێزان و بڕوانامەو٢٥ % ی دەرماڵەی پیشەییان پێ بدرێت.
لە هەرێمی كوردستان كۆی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی بنەڕەتی دەڕوات 43% یە، بەڵام 57%ی مووچە بۆ دەرماڵەجۆراوجۆرەكانە، 30%ی پارەی درەماڵەش بۆ دەرماڵە پیشەییە جۆراوجۆرەكانە.
ئەوەش زانراوه پێشنیازی كەمكردنەوەی مووچە بە رێژەی 15%بۆ 20% رەتكراوەتەوە، چونكە وهك دهوترێت حكومەت سیستەمێكی تازەی مووچە پەیڕەو دەكات كە پەیوەندی نامێنێت بە پاشەكەوتی مووچەوە.
د. ئاراس خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوە و زانیاری ستراتیژی كوردستان بە رایگەیاند، چەند پێشنیازێك بۆ دەستكاریكردنی مووچە لای وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەوزیران هەیە، لهو رووهوه وتی: "ئەو پێشنیازەی كە ئاگام لێیەتی و كاری زۆری لەسەر كراوە پێدانی مووچەی بنەرەتیە لەگەڵ هەندێك دەرماڵەی جێگیر".
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی چەند پێشنیازێكی تریشی لەبەر دەستە لەوانە كەمكردنەوەی رێژەی پاشەكەوتی مووچە، وتیشی: "وەك زانیومە پێش ریفراندۆم دەستكاری مووچە دەكرێت، بەڵام چۆنیەتی شێوازی دەستكاریكردنەكەی دەوەستێتە سەر بڕیاری حكومەت و ئەو داهاتەی كە لەبەر دەستیەتی".
خۆشناو ئاشكراشیكردووه، ئێستا بە سیستەمی پاشەكەوت مانگانە 620 ملیار دینار بۆ مووچە خەرج دەكرێت، ئەگەر سیستەمی پاشەكەوت هەڵبگیرێت بەڵام تەنها مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەكان بە فەرمانبەران بدرێت حكومەت پێویستی بە 650 ملیار دینار دەبێت و لە پاشەكەوت رزگاری دەبێت، "حكومەت دەتوانێت مووچهی 74.8%ی سەرجەم مووچەخۆران بدات، پێشنیارەكە لەسەر بۆچوونی بانكی نێودەوڵەتی راوەستاوه بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بكات لە رووی دادپەروەری لە دابەشكردنی مووچەكەدا".
وتیشی: "43%ی مووچە بۆ بنەڕەتی، 57%ی مووچە بۆ دەرماڵە دەروات، دەرماڵەكانیش دوو جۆرن، ئەوانیش دەرماڵەی جێگیر كە دەرماڵەی هاوسەر و منداڵ و بڕوانامەیە، كە رێژەی 22%ی كۆی دەرماڵەی مووچە دەبێت، هەروەها 35%ی مووچە بۆ دەرماڵەی پیشەیی دەڕوات كە مانگانە دەكاتە 310 ملیار دینار".
ئەو كە پڕۆژەی مووچەی فەرمانبەرانی لەسەر بنەمای پێدانی مووچەی بنەڕەتی و هەندێك دەرماڵەی جێگیر لە لایەن وەزارەتی دارایی لێورگیراوە پێیوایە ئەوە باشترین چارەسەرە بۆ دۆخی ئێستای دارایی.
لە درێژەی قسەكانیدا دەشڵێت: "44%ی مووچەخۆرانی كەرتی سەربازی (پێشمەرگە و ئاسایش) هیچ بڕەپارەیەك لە مووچەكانیان پاشەكەوت نەكراوە، 30%ی فەرمانبەرانی كەرتی شارستانی ئەوانەن كە خزمەتیان زۆرە و بڕوانامەی بەرزیان هەیە و چارەكەمووچەیان پێ دراوە، ئەوانەشی كە مووچەكانیان لە سەرووی سێ ملیۆن دینارەوەیە ژمارەیان چوار هەزار و 623 كەس دەبێت".
عەباس محەمەد، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئاشتكردنەوەی هاوڵاتیان حكومەت دەستكاری مووچە بكات، وتی: "وەك زانیومانە بڕیاری رێژەیەك لە پاشەكەوتی مووچە گۆڕانكاری تیادا بكرێت و پاشەكەوتەكە كەم بكرێتەوە".
پێشووتر بەهمەن حسێن ئەندامی کۆمیتەی ریفراندۆم رایگەیاند بوو: "هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی هەنگاو بنرێت پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم كێشەی مووچە و پاشەكەوتی مووچە چارەسەر بكرێت".
سەمیر هەورامی وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری مووچە وتی، لە مانگی 9 بە سیستەمی بایۆمەتری مووچە دابەش دەكرێت.
وتیشی: "خەریكی داڕشتنی سیستەمێكی نوێی مووچەین بۆ ئەوەی پاشەكەوت نەهێڵین، بێگومان بۆ ئەو سیستەمە نوێیەی مووچەش سود لە سیستەمی بایۆمەتری مووچە وەردەگیرێت".
لە بارەی زانیاری ئەوان سەبارەت بە پاشەكەوتی مووچە و گۆڕانكاریەكانی مووچە ئەو وتی: "گۆڕانكاری لە مووچە دەكرێت، بەڵام تا ئێستا بڕیار لەسەڕ سیستەمە تازەكەی مووچە نەدراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی داڕشتنی سیستەمێكی نوێی مووچەیە، بە پێی ئەو سیستەمە نوێیە پاشەكەوتی مووچە نامێنێت، ئەم سیستەمە زیاتر دادپەروەرانەیە چونكە پێشتر بە هۆی دەرماڵەكان و سیستەمی پاشەكەوت هەست بە نادادپەروەری دەكرا دوای لێكۆڵینەوە، سیستەمە نوێیەكە دەچەسپێندرێت".
ئهحمهد گهرمیانی، سهرۆكی یهكێتیی مامۆستایانی كوردستان، رایگهیاند: "بە نافەرمی پێیان گەیشتووە كە مووچەی بنەڕەتی لەگەڵ هەندێك دەرماڵەی جێگیر بە مامۆستایان دەدرێت".
روونی كردەوە پێدانی مووچەی بنەڕەتتی و هەندێك دەرماڵەی جێگیر وادەكات مووچەی مامۆستایان لە ئێستای پاشەكەوت زیاتر دەبێت، وتیشی: "هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی لە سیتەمی تازەی مووچە دۆخ و گوزەرانی مامۆستایان باشتر بێت بە تایبەت دوای هەڵگرتنی سیستەمی پاشەكەوت".
ئەنەس دۆسكی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە رایگەیاند، ئەوان بە حكومەتیان راگەیاندووە دەستكاری مووچە بكات و سیستەمی پاشەكەوتی مووچە هەڵبگرێت، وتی: "حكومەت بەڵێنیداوە پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچە بكات و لەبەرژەوەندی فەرمانبەران بڕیار بدات".
دۆسكی روونی كردەوە دەستكاریكردنی مووچە مافی فەرمانبەرانە و هیچ پەیوەندیەكی بە پڕۆسەی ریفراندۆم نیە و ئەركی حكومەتە و منەت نیە.
لە 3ی شوباتی 2016 ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كورستان بڕیاری لە پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران دا، كە پاشەكەوتكردنەكە لە 15% دەست پێ دەكات تا 75%.