پەرواز حوسێن کلیپێک بۆ پشتیوانیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بڵاو دەکاتەوە
گۆران ساڵح و پەرواز حوسێن، ھونەرمەندانی ناسراوی کورد، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دووپات کردووەتەوە، ھەروەھا پەرواز ڕوونکردنەوەیەکیش بڵاو دەکاتەوە.
پەرواز حوسێن، لە بەشی ستۆریسی ھەژماری فەرمیی خۆیدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام)ـدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە داھاتوویەکی نزیکدا، کلیپێکی نوێی خۆی، بە ناوی (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم، بڵاو دەکاتەوە.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ڕیفراندۆم بەناوی پەروازەوە بڵاو دەکرێنەوە، ئەم خانمە گۆرانیبێژە لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، کە بۆچوونەکانی لە ڕێگەی پێگە فەرمییەکانەوە بڵاو دەکاتەوە و بەرپرس نییە لەو قسانەی کە بە ناوی ئەو لە شوێنی دیکە بڵاو دەکرێنەوە.
ئەو خانمە گۆرانیبێژە، لەبارەی ڕای خۆی، بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لە بەشی ستۆریسی ئینستاگرامەکەی خۆیدا، وێنەیەکی بڵاو کردووەتەوە و لەسەر وێنەکەدا نووسیویەتی: "بە دڵنیاییەوە، (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم".
گۆران ساڵح، گۆرانیبێژی کورد و ھاوسەری پەرواز حوسێن، لەگەڵ دیاریکردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پشتیوانیی خۆی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دووپات کردووەتەوە.
لەگەڵ دیاریکردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو لە ھونەرمەندانی کورد، لە ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا و باکووی کوردستان، بە پەیام و بەرھەمە ھونەرییەکانیان، پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دووپات کردووەتەوە.