بەشیر حەداد پەیامێکی بە فراکسیۆنە کوردستانییەکان راگەیاندووە
د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی
عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە لەگەڵ
سەرۆک فراکسیۆنە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی کە
پێویستە فراکسیۆنە کوردەکان لەسەری یەکدەنگ بن، چەند خاڵێک خراونەتە ڕوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان،
یەکێک بووە لەو خاڵانەی کە جێگری پەرلەمانی عێراق بە خاڵێکی جەوھەریی ناو برد، بۆیە
پێویستە ھاودەنگی فراکسیۆنەکانی لەسەر بێت، لە بەرەنجامی قسەکانیاندا چەندین بۆچوونی
جیاواز ھەبوو، بەڵام زۆربەی فراکسیۆنەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەو بۆچوونەبوون
کە کورد بە یەک لیست بەشدار بێت لە ھەڵبژاردنەکاندا لە کەرکووک.
دەستنیشانکردنی لێژنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی لێژنەکان،
بۆ ئەوەی بەپێی ئەو رێژەیەی کە لە پەرلەمانی عێراق بۆ کورد دانراوە، بە ڕاوێژ لەگەڵ
فراکسیۆنەکان کاری لەسەر بکرێت. ھەروەھا بەپێی ڕێژەی کورسییەکان ئەو دابەشکارییە لە
نێو فراکسیۆنەکاندا دابەش بکرێت.
د. بەشیر حەداد تەئکیدی لەسەر بە ئەمەک کارکردنی
نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا کردەوە، بە سەرۆک فراکسیۆنەکانی ڕاگەیاندووە، ھەموو ڕەنگە
جیاوازەکان بکەینە یەک ڕەنگ بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی کورد لە بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیاندا، ڕێک کەوتن لەسەر
ئەوەی کە ھەموو فراکسیۆنەکان بەیەکەوە سەردانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بکەن، بۆ ئەوەی
لە نزیکەوە ئاگاداری دیموگرافیای ناوچەکە بن.
