لێدوانى راهێنەرى ریاڵ مەدرید دواى کلاسیکۆى جامى ئیسپانیا
راهێنەرى ریاڵ مەدرید پێیوایە هێشتا هەلى سەرکەوتنى ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە بۆ یارى کۆتایى جامى شاى ئیسپانیا یەکسانە.
دواى یەکسانبوونى یانەکەى لە کلاسیکۆى جامى شاى ئیسپانیا، سانتیاگۆ سۆلارى راهێنەرى ریاڵ مەدرید رایگەیاند، هەردوو یانە یارییەکى جوانیان پێشکەش کردووە و یارییەکى خۆش بووە نەک هەر بۆ ئەوان، بەڵکو بۆ هاندەرانیش.
سۆلارى ئاماژە بەوە دەکات، هەموو ئەگەرەکان لە یارى گەڕانەوەدا بونیان هەیە و دەڵێت "ئەنجامى یارى چوون وایکردووە لە یارى گەڕانەوەدا هەموو ئەگەرێک هەبێت، هەردوو یانە چەندین بەهرەمەندى زۆریان هەیە، کە دەتوانن لە ساتێکدا جیاوازى درووستبکەن".
راهێنەرى یانە مەدریدیەکە باسى لە تواناکانى ڤینیسیۆسى بەڕازیلى کرد، کە یەکەم کلاسیکۆى بۆ یانەکەى کرد، بەڵام رۆڵى هاوکارەکانى نەشاردەوە لە یارمەتیدانیدا و ستایشى ئاستى مارسیلۆشى کرد و دووپاتیکردەوە ئەوان هەوڵ دەدەن باشترین ئاستى مارسیلۆ بخەنەوە گەڕ.