لێدوانى راهێنەرى بەرشەلۆنە دواى کلاسیکۆى جامى ئیسپانیا
راهێنەرى بەرشەلۆنە ئاشکرایکرد نەیویستووە سەرکێشى بە میسییەوە بکات و پێشیوایە یارى گەڕانەوە رووبەڕووبوونەوەیەکى کراوە دەبێت.
لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا دواى کلاسیکۆى جامى ئیسپانیا، کە بە یەکسانى کۆتایى هات، ئیرنستۆ ڤاڵڤێردى راهێنەرى بەرشەلۆنە ئاماژەى بەوە کرد پێیانباشبووە لە تایمى یەکەمدا میسى یارى نەکات بۆ ئەوەى سەرکێشى پێوە نەکەن و دەڵێت "هەرچەندە میسى کەمێک هەستى بە بێزارى دەکرد لە پێکانەکەیدا، بەڵام دواتر بڕیارماندا بەشدارى پێبکەین، چونکە باشترین یاریزانە".
ڤاڵڤێردى دەشڵێت کلاسیکۆ تاقیکردنەوەیەکى قورس بووە، لەبەرئەوەى یارییەکى زۆر تایبەتە و پێشیوایە یەکسانبوونى یارییەکە وایکردووە یارى گەڕانەوە یارییەکى کراوەبێت بۆ هەردوو یانە.
راهێنەرى یانە کەتەلۆنیەکە ستایشى مالکۆمى بەڕازیلى دەکات و لە بارەى بەشدارکردنى میسیش بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو لە خولى ئیسپانیا دەڵێت "گەر مسى باش بێت بەدڵنیاییەوە یارى دەکات، گەر باشیش نەبێت ئەوا لەگەڵمان نابێت لە یاریگاى سان مامیس، بەڵام هیوامان هەیە ئامادەبێت بۆ یاریکردن".