یەكێتی و پارتی ڕێكەوتن
دواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆ هەردوو مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى پارتى لە لێدوانێکدا رێککەوتنى هەردولاى ئاشکراکرد.
لە لێدوانەکەیدا مەحمود محەمەدوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند: "لەدێژەی کۆبوونەوە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا، ئەمڕۆ سێ شەممە، رێکەوتی ٥ی٢ی٢٠١٩ لە ھەولێری پایتەخت، کۆبوونەوەی ھاوبەشی نێوان ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەنجامدرا، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەسەر چەند بابەتێکی پێویست و پەیوەستی قۆناغەکە و، ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتینە رێککەوتن.
بەپێى لێدوانى ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسى پارتى، "کۆبوونەوە لیژنەی ھاوبەشی نوسینی رێککەوتنی سیاسی نێوان ھەردوولای راسپارد، کە لەچوارچێوەی دیدگای ھەردوو لایەن، ھەرچی زوترە پرۆژەیەک ئامادە بکرێت و لەلایەن ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیەوە بڕیاری لێبدرێت و واژۆبکرێت".
مەحمود محەمەد راشیگەیاندوە، "دوابەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠١٨ و پەسەندکردنی ئاکامەکانی لەلایەن دادگاوە، ھەروەھا دوای چەند کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا پەلە بکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە لە ١٨ی٢ی٢٠١٩ بەگوێرەی رێککارە یاساییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت. ھەروەھا ھەموو ھاوکاری و زەمینەسازیەک بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە و ھەنگاوەکانی دواتری پەرلەمان بکرێت".
لەسەر پرسى پارێزگارى کەرکوک، وتەبێژى پارتى رایگەیاندوە، "پارێزگای کەرکوک بەشێکی گرینگی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، بڕیار درا ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پارێزگایە و ھەنگاوە عەمەلیەکان دەستپێبکرێن. ھەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە رێکەوتی ١٨ی٢ی٢٠١٩ لە ھەولێر کۆببێتەوە و ھاوکات بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەو".