پارتیی گاڵتە بە بارزانیی دەکات
ئەحمەد میرە
لە مێژووی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕەنگە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا توشی دودڵیی و بێتوانایی لە بڕیاردانی سیاسیدا نەبوبێتەوە، چونکە ئەو حیزبە حەوت مانگ پێش ئێستا کارنامەی سیاسیی خۆی لەسەر بنەمای پرۆژەی بەناو دەوڵەتی سەربەخۆ بنیاتنابوو و بانگەشەی بۆ دەکرد و دواتریش لە (25) ی ئەیلولی ساڵی ڕابوردودا بە بێ بیرکردنەوە لە دەرئەنجامە خرابەکانی تۆپی ڕیفراندۆمی تەقاند و ئەم کارەیشی بووە هۆکاری گۆڕینی سەرلەبەری بنەماکانی سیاسەتکردنی خۆی و دواجاریش بووە هۆی پەراوێزخستنی خۆی لە ناو ناوەندی بڕیاری سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا.
پاش حەوت مانگ، ئێستا عێراق دەیەوێت هەڵبژاردن بکات و پارتییش بەناچاریی دەبێت ببێتە بەشێک لەو پرۆسەیە، لە کاتێکدا بە پێی ئەو پلانەی، کە پارتیی و سەرۆکەکەی دایانڕشتبوو، دەبوو لەم کاتەدا سەرقاڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیی بونایە، بەڵام لە ئێستادا دەبینین بە شێوەیەکی چڕوپڕ کاردەکەن بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خۆیان لە باوەشی دەوڵەتی عێراقی عەرەبیدا توندتربکەن. بۆ هەرکەسێک لە سیاسەت بگات، یاخود بۆ هەر هاووڵاتییەکی کورد، کە بانگەشەی سەروبەندی ڕیفراندۆمی لەبیرە، دەزانێت، کە ئەوەی ئێستا لە سیاسەتی پارتیدا دەگوزەرێت، بریتییە لە دوفاقییەکی گەورە و دەرخەری ئەوەیە، کە ئەم حیزبە، نە خاوەنی جیهانبینییەکی ڕونی سیاسییە و نە پێڕەوو پرۆگرامێکی حیزبیی تۆکمەی هەیەو تەنانەت لەڕوی مۆڕاڵی سیاسییەوە سفرە، لەبەرئەوەی نەریتی سیاسەتکردن و حیزبایەتیی بۆ سیاسەتمەداری خاوەن مۆڕاڵ ئەوەیە، کە هەر کاتێک پرۆژە سیاسییەکەی شکستیهێناو وڵاتی توشی کارەسات کرد و پاشەکشەی گەورەی کرد، دەبێت ددان بەودا بنێت، کە ڕۆڵی ئەو لە دنیای سیاسەتدا کۆتاییهاتووە، نەک ئەوەی پارتیی بۆ پەرلەمانی عێراق دەیکات، چونکە گەڕانەوە بۆ بەغداد لە ڕێی سواڵی دەنگ و گزیی هەڵبژاردنەوە، ئەگەر لەلایەکەوە ناپاکیی بێت لە پرۆژەی کوردیی، ئەوە لەلاکەی ترەوە بە ئاشکرا گاڵتەکردنە بە مەسعود بارزانیی سەرۆکی ئەو حیزبە.
پارتیی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە دوفاقییەکی قووڵدا دەژی، وەک ئەوەی خەڵک نەزانێت، کە ئەم دۆخەی پارتیی جگە لە دابەشبونێکی سیاسیی ناچاریی ناوخۆیی، هیچی تر نیە. بۆیە دەبینین لە لایەک بە ناوی ئەوەی با چیی تر شکۆی مەسعود بارزانیی نەشکێت و دۆڕاوتر لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دەرنەکەوێت، بەشداریی هەڵمەتی هەڵبژاردن ناکات، بەڵام لەلایەکی ترەوە کوڕەکەی لە سەروبەندی ڕیفراندۆمدا دەینەڕاند و دەیگوت پرۆژەی ئێمە بۆ لەمەودوا لەگەڵ عێراقدا تەنها بۆ ئەوەیە ببینە دوو دراوسێی باش و عێراق وەک دەوڵەت کۆتاییهاتووە، کەچی لە ئێستادا سواڵی دەنگ دەکات و باس لە دەستکەوتی زیاتر دەکات لە عێراقدا بەهۆی ناردنەوەی تیمی پارتییەوە بۆ بەغداد، هەروەها لە ئێستاوە برازاکەی سەرۆک چاویبڕیوەتە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پێیوایە، کە ئەم پۆستە بۆ کورد لە بەغداد زۆر گرنگە.
بە ڕەچاوکردنی ئەو خوێندنەوانەی پێشوو، دەنگدەری پارتیی بە چ مۆڕاڵ و ئیرادەیەکەوە دەیەوێت دەنگبدات بە تیمێکی دوفاق و ئەدەبیاتێکی سیاسیی دۆڕاو، نەک لەبەر ململانێکردن لەگەڵ نەیارە سیاسییەکانی پارتیدا، بەڵکو پێویستە جەماوەری پارتیی لەبەر ڕێزگرتن لە شکۆی سەرۆکە دۆڕاوەکەیان بایکۆتی دەنگدان بکەن و دژی کاندیدەکانی پارتیی بوەستنەوە، چونکە هەر دەنگێکی پارتیی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لێدانی گورزێکی بەهێزە لە مەسعود بارزانیی و سیاسەتەکەی و دەبێتە هۆکارێکی سەرەکییش بۆ پەراوێزخستنی زیاتری بارزانیی لە پرۆسەی سیاسیدا و ڕەنگە دواجاریش ببێتەهۆی نەخۆشکەوتنی بارزانیی لە ڕوی دەرونیی و جەستەییەوە!