پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ دیاریكرا
رێژەی پاشەكەوتكردنی مووچەی هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ دیاریكراو بریكاری وەزارەتەكەش دەڵێت بەهەمان شێوەی فەرمانبەرانی شارستانییەو بڕەكەی 10% بۆ 30% دەبێت، بەڵام پۆلیسی پاسەوان بەهەمان شێوەی پاشەكەوتی پێشوتر دەبێت و گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە.
جەلال كەریم عیسا بریكارەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: ئەمڕۆ 12ی نیسانی 2018، كۆبوونەوەیەك لەنێوان وەزارەتی ناوخۆو دارایی هەرێم بۆ بڕیاردان لەسەر رێژەی پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ كراوە.
وتیشی: لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە كە رێژەی پاشەكەوتكردنی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ هاوشێوەی سیستمی نوێی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی بێت، واتە رێژەی پاشەكەوتكردنەكە لە 10%ەوە دەستپێدەكات بۆ 30%.
ئەوەشی خستەڕِوو كە بڕیارەكە بۆ پاشەكەوتكردنی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ وەك فەرمانبەرانی شارستانی تەنها بۆ ئەم مانگە دەبێت و دواتر كۆبوونەوە دەكرێت و بڕیار دەدرێت كە پاشەكەوتی هێزەكانی ناوخۆ بە چ شێوازێك بێت، چونكە تێبینمیان هەیە لەسەری.
بریكاری وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی راگەیاند: پاشكەوتكردنی هێزەكانی پاسەوانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆش بۆ ئەم مانگە بەهەمان شێوەی پێشوو دەبێت كە رێژەی پاشەكەوتەكەیان 65% بووەو دواتر هەوڵدەدەین بۆ ئەوانیش كەمبكرێتەوە.
لەبارەی كاتی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی ناوخۆشەوە، وتی: چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دابەشبكرێت، چونكە ئەمڕۆ بڕیارە لەسەر شێوازی پاشەكەوتكردنەكە دراوە