مانگرتن گەیشتە سنوری پارتی
مامۆستایانی دەڤەری چۆمان و باڵەكایەتی ڕایدەگەیەنن كە لە سبەینێ (چوارشەممە)وە هۆڵەكانی خوێندن و بایكۆت ڕادەگەیەنن. لەوبارەیەوە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردۆتەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
مامۆستایانی ستەملێكراوی كوردستان...
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست...
تایەك هەفتە بایكۆت دەكەین وەك مامۆستایانی قەزای چۆمانی سنوری پاریزگای هەولێر
لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە ئێمەی چین و توێژی مامۆستایانی كوردستان قۆناغێكی تەمەن 3 ساڵی لە گوزەرانێكی سەخت و ناهەمووار و پڕ لە شكۆ لەخەبات و كۆڵنەدان و شانازی بە بەردەوامیدان بە پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی كوردستان تێپەراند ، دوای ئەوەی حكومەتی شكستخواردووی هەرێم لە ساڵی 2016 دەستی برد بۆ كەمكردنەوەی قوت و بژێوی مامۆستایان بۆ كەمتر لەنیوە و و چارێكە موچە ئەوەشی نەتوانی لە كاتی خۆیدا بدات ، ئێستا كە لە مانگی 2 ی ساڵی 2018 داین ، نیو موچەی مانگی 10 ساڵی ڕابردوومان پێنەدراوە ، بەو هۆیەوە مامۆستایان لە ژیانێكی مەمرە و مەژی دان ، ئێمە بەو ئومێدەبووین لەسەرەتای ساڵی نوێ 2018 دا حكومەتی هەرێم قەیرانی دروستكراوی دارایی چارەسەر بكات و ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم هاونیشتیمانیانی كوردستان باشتر بكات ، بەڵام ئەو ئومێدەشمان نەما و هەڵوەری ، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی حكومەت لەسەر بێ باكی خۆی لە ئاست بەرپڕسیاریەتی چارەسەركردنی دۆخی دارایی و موچە و بژێوی مامۆستایان.
بۆیە وەكو مامۆستایانی باڵەكایەتیی و سنوری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی چۆمان له سبەی ڕۆژی چوار شەممە 7 ی شوبات تا ڕۆژی یەك شەممە 18 ی شوباتی 2018 بایكۆتی پڕۆسەی خوێندن ڕادەگەیەنین وەك مۆڵەت لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا تا داواكاریەكانمان جێبەجێ بكات كە خۆی دەبینێتەوە لە :-
1-هەڵگرتنی پاشەكەوتی زۆرەملێ و ستەمكارانەی سەر موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و پێدانی موچە تەواو .
2-پێدانی موچە لەكاتی خۆیدا و تێپەرنەبوونی ماوەی پێدانی موچە لە 30 ڕۆژ جارێك.
3- داوا لەحكومەتی ناوەندی و دكتۆر حەیدەر عەبادی دەكەین ، كێشەی دارایی مامۆستایانی كوردستان چارەسەر بكات و میلاكی پەروەردەی هەرێم لە ڕووی شایستە دارایەكان بخاتە سەر حكومەتی ناوەند.
لە حاڵەتی وەڵامنەدانەوەی ئیجابیانەی داواكاریەكانمان لەو هەفتەیەی كە بایكۆتمان كردووە ، پڕۆسەی خوێندن دەست پێناكەینەوە و بایكۆت درێژدەكەین و ئۆباڵی شكستی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لە ئەستۆی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمە نەك مامۆستایانی ستەملێكراو.
دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە سنوری پەروەردەی چۆمان
