سەرۆكی پەرلەمان زهنگى شۆرش لێ دهدات
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ شاندێكی باڵای نەرویج پرسی دوورخستنەوەی هێزە چەكدارەكان لە ململانێ سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و شەفافییەت لە بواریی دارایی گفتوگۆ دەكەن، دەشڵێت:"دەبێ لە عێراق و هەرێمی كوردستان شۆڕش بكەین دژ بە گەندەڵی و بە هەدەردانی داهاتی هاوڵاتیان".
نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ،ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-11-2017 سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازی لەشاندێكی سیاسی وەزارەتی دەرەوەی نەرویجی كرد، كە پێكهاتبوو لە كارستن كارلسن، وەزیری راوێژكار لە وەزارەتی دەرەوە و سكرتێری یەكەم لە باڵیۆزخانەی نەرویجی لە عەمانی پایتەختی ئوردن و چەند گەورە راوێژكار بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و عێراق كرد.
سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاندووە، دەبێ كێشەكان لەچوارچێوەی یاسا و دەستووری عێراقدا چارەسەر بكرێت، نابێ هێزە چەكدارەكان لە ململانێ سیاسییەكانی بەكار بێ.
داواشیكردووە، بە زووترین كات ڕەوشی ئەمنی ناوچە جێناكۆكەكان ئاسایی بكرێتەوە و ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، هەروەها داوای لە شاندی نەرویجی كردووە، لەم بوارەدا ڕۆڵ ببینن و هاوكاربن بۆ بە نیشتیمانیكردنی ئەو هێزانە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا.
لە ڕاگەیەنراوەكەداهاتووە، سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاندووە، دەبێ لە عێراق و هەرێمی كوردستان شەفافییەتی دارایی هەبێ و شۆڕش بكەین دژ بە گەندەڵی و بە هەدەردانی داهاتی هاوڵاتیان.
هاوكات ، شاندی نەرویچی، هیوایان خواست كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و پێكەوە بتوانن ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنن، داواشیان لە سەرۆكی پەرلەمان كرد، پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی هەبێ لە كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و زەمینە سازی بۆ پێكەوە كاركردن و گەشەپێدانی پرۆسەی دیموكراتی.
