ئەگەر حكومەت بتوانێت و پاشەكەوتی موچە چاكنەكات تەفروتونای دەكەم
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (كە ویلایەتەكەی جێی ناكۆكیە) دەستخۆشی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كرد بۆ دەركردنی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە پارێزگاكە.
رۆژی چوارشەممە 6-9 مەسعود بارزانی لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە نوسەران و رۆژنامەنوسان و هونەرمەندانی شاری هەولێر وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: ئەو بڕیارەی كەركوك جێی دەستخۆشییە كاتی خۆی كە رێككەوتن لەسەر مادەی 140 كرا واتای ئەوە نەبو كە گومانمان لە پێناسی شارەكە هەبوە، بەڵام ئەوان (بەغدا) لەساڵی 2007 وتیان مادەی 140 مردو جێەبەجێشیان نەكردو ئینجا ئەگەر ناڕازین با گللـەیی لەخۆیان بكەن، بۆیە كوردستان بەبێ كەركوك وەك مرۆڤێكی بێ دڵ وایە.
لەبەشێكی تردا بارزانی وتیشی: ئێستا بەرەی بەڵێ و نەخێر هەیە ئەمە شتێكی ناخۆشە، خۆزگە نەبوایە، لە فۆڕمی دەنگدانیشدا بەڵێ و نەخێر هەیە، بەڵام پێمباش نییە بەهەر پاساوێك بێت، بەڵام خەڵكیش ئازادە نابێت لێپێچینەوە بەرامبەر هیچ كەسێك بكرێت لەسەر ئەو بابەتە، دەبێت خەڵك لەم وڵاتەدا ئازاد بێت، چەند كۆكبین ئەوەندە باشە، ئەوەتا ئەوەی پێمانكرا كردمان، هەموو مەرجەكانمان هەڵگرت وتمان حزبەكان وەرن پەرلەمان كارا بكەنەوە رێگە كراوەیە، بۆچی نایەن؟ ئیتر با گللـەیمان لێنەكەن و سبەینێش كەسێك دەستنیشان بكەن بۆ سەرۆكی هەرێم، ئەمانە هەموشی لەبەرخاتری سەركەوتنی ریفراندۆم بوە نەك شتێكی تر.
هەروەها بارزانی لەبەشێكی تری قسەكانیدا وتیشی: پاشەكەوتی موچە كێشەیەكی ناخۆشە، پێویستە حكومەت كێشەكە بە خەڵك بڵێت، ئەگەر حكومەت توانای هەبێت و نەیكات، ئەوا من پێش هەموتان دەكەوم و حكومەت تەفروتونا دەكەین، دەبێت حكومەت كێشەكان چارەسەر بكات، كاتێك دەڵێن خەڵك لەبەر نادادپەروەریی دەنگ نادات، من داوادەكەم هیچ پاساوێك نەدۆزرێنەوە بۆئەوەی خەڵك دەنگنەدات، ئەگەر دەنگ بدەن ماڵێكی نوێ دروست دەكەین، بەڵام ئێستا هەموی پینەو پەڕۆیە.
بارزانی وتیشی: زۆر پەشیمانم كە خۆم بۆ سەرۆكایەتی هەرێم قبوڵ كرد، چونكە من كارمەند نیم و سەرۆكی هەرێمیش وەزیفیە، من پێشمەرگەم نەدەبو قبوڵی بكەم.