بەرهەم ساڵح ناوی قەوارەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان تۆماردەكات
بەرهەم ساڵح، كە پێشتر جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی بوو ئێستا لەو حیزبە نیگەرانە، ناوی قەوارەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان تۆماردەكات، ئەوەش بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست كەوتووە.
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوە ئاگادارەكە، كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، كەسە نزیكەكانی بەرهەم ساڵح هەموو پێداویستییەكانی تۆماركردنی قەوارەیان ئامادەكردووەو وابڕیارە لەچەند رۆژی ئایندە بەفەرمی ناوی قەوارەكەیان تۆماربكەن.
بەرهەم ساڵح بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی لەحیزبەكە نیگەرانەو ماوەیەكیشە هەوڵی زۆر دەدرێت، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی، بەڵام ئەو رەتیدەكاتەوە بەو دۆخەوە بگەڕێتەوە ناو حیزبەكە، بۆ ئەوەش سوورە لەسەر دروستكردنی لیستێك بۆ هەڵبژاردنەكان.
زانیارییەكانی سەرچاوەكە باس لەوەش دەكەن بەرهەم ساڵح ئامادەكاری تەواوی بۆ ئەو كارە كردووە لەناو یەكێتیو لەدەرەوەی حیزبەكەش بەتایبەت دەیەوێت "كەسانی خۆینەوار و دەركەوتووی دەرەوەی حیزبەكان بكاتە واجیهەی لیسەتەكەی".
بەرهەم ساڵح لەماوەی رابردووشدا لەگەڵ دەنگە نارازییەكانی ناو یەكێتیو دەرەوەی یەكێتیش چەندین كۆبوونەوەو دانیشتنی ئەنجامداوە، كە ئامانج لەكۆبوونەوەكان باسكردنی دروستكردنی ئەو لیستە بووە.
هەروەها هەوڵەكانی بەرهەم ساڵح، لەدوای تۆماركردنی قەوارەكەش بەردەوامدەبێت بەئاراستەی ئەوەی "لیستێكی فراوان دروستبكرێت، بۆیە ناوی قەوارەكەش هاوپەیمانی نیشتمانی پیشنیاركراوە".
ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی 1/11/2017 هەڵبژاردنی پەرلەمانو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرێوەدەچێت، ئەوەش بەپێی بڕیاری كۆمیسیۆنی راپرسیو هەڵبژاردنەكانی هەرێم، كە لەئەمڕۆشەوە كۆمیسیۆنەكە دەرگای بەڕووی ئەو كەسو حیزبو لایەنانە كردووەتەوە، دەیانەوێت وەك لیستو كاندید بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن.
بەپێی یاساكانی كۆمیسیۆن تۆماركردن لیست پێویستی بەناوی 500 كەس هەیەو زانیارییەكان ئەوەش باس دەكەن، گروپەكەی بەرهەم ساڵد ناوی زیاتر لە 1000 كەسیان ئامادەكردووەو پێداویستییەكانی راگەیاندنو بەرنامەی كاركردنیشیان خستووەتە بەردەم بەرهەم ساڵح.