هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی (ی.ن.ک) وه‌ک باشترین بژارده !
کاروان عەلی شامار
مه‌حاڵه یەكێتی بەم مه‌کته‌ب سیاسیه‌ی ئێستایه‌وه گۆرانکاری بکات و دەنگێكی كاریگەری وا بەدەست بێنی كە بتوانێ هاوكێشە سیاسییەكان بەقازانجی میللەتەكەی بخاتەوە، چونکه زۆرینه‌ی کاره‌کته‌ره باڵاکانی لەمێژووی دروست بوونی حیزبه‌که‌وه لەسەر گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێم دوبارە ئەبنەوە، کاریان بووه به کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان، ئه‌وه‌نده‌ی له خه‌می مادهدان نیو هێنده لەخەمی حیزبه‌که‌یاندا نین. لایه‌نگران و ئه‌ندامانی یه‌کێتی وه‌ڕس بوون له بینینی هه‌میشه‌ی ئه‌و دهموچاوانهدا، ئۆرگانێکی باڵای وه‌ک مه‌کته‌ب سیاسی بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی زۆرترین پرسه هه‌نوکه‌ی و گرنگ و چاره‌نوسازه‌کان ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕاوێژ به جه‌ماوه‌ر و کادیرانی، وه‌لێ چه‌ن که‌سێک که له په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕ ناکات، بونه‌ته نماینده‌ی گشت و به ناوی هه‌موه‌وه قسه ده‌که‌ن و بڕیار ده‌ده‌ن، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌و ده‌یان هۆی تریش نه‌بونی له بونی باشتره‌و ئه‌مڕۆ هه‌ڵوه‌شێته‌وه باشتره له سبه‌ی.
یه‌کێتی له‌مێژووی دروست بونیه‌وه هیچ کات بارته‌قای ئێستا مه‌کته‌ب سیاسی وا بیمار‌و خراپی به‌خۆوه نه‌دیوه، جاله‌به‌ر ئه‌وه لێره‌دا به کورتی له‌سه‌ر چه‌ن ئاستێک ئاماژه ده‌که‌م به گرنگی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئۆرگانه...
١-هه‌ڵکشانی ته‌مه‌ن و دۆخی ته‌ندروستیان:
زۆربه‌ی مه‌کته‌ب سیاسیه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ته‌مه‌نیان له‌سه‌روی ٦٠ ساڵیه‌وه‌یه، ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی هه‌ندێکیان نه‌خۆشی درێژ خایه‌نیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی ته‌ندروستیه‌وه لێیان بڕوانیت یه‌قین ده‌بین که پزیشکه‌کان له‌بری سیاسه‌تکردن پشودانی وه‌ک چاره‌سه‌ر بۆ پێشنیارکردوون، له‌ڕوانگه‌ی سایکۆلۆجیشه‌وه شرۆڤه‌یان بکه‌ین یه‌قین ده‌بین له‌وه‌ی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشانی ته‌مه‌نی دوچاری گرفتی ده‌رونی ده‌بێ و توانای بریاردانی ته‌ندروستی نابێ، به تایبه‌ت نوکه گۆڕانکارییه ئیقلیمی و ده‌ره‌کیه‌کان خێران و پێویستیان به سیاسه‌تی حه‌کیمانه‌و بڕیاری ته‌ندروست هه‌یه، پارتی سیاسی سه‌رکه‌وتوش ئه‌و پارته‌یه که توانای خۆگونجاندنی هه‌بێ و پێ به‌پێ له‌گه‌ڵ گۆڕانکاریه خێرا‌و داینامیکیهکانی ناوچه‌که‌دا بڕوات، وه‌لێ یه‌کێتی به‌هۆی ئه‌و په‌رته‌وازه سیاسیه‌ی که به‌هۆی تاقمێکی پله باڵاوه دوچاری بووه، خه‌ریکه له که‌شتی پێشکه‌وتنی جیهانی و دابه‌شکردنی کێکی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته زلهێزه‌کانی دنیادا دواده‌که‌وێت و بێبه‌ش ده‌مێنیته‌وه، ساده‌تر بڵێین یه‌کێتی بیماری ده‌ستی کۆمه‌ڵێک هه‌ڵکشاوی ته‌مه‌نه، به‌شێوازیک نه واز ده‌هێنن و نه ڕێگه‌ش ده‌ده‌ن گه‌نجی نوێ و خوێنی نوێ بێته پێشه‌وه، وه فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی نوێش پێمان ده‌ڵێ هه‌ر پارتێکی سیاسی گه‌نج یه‌کێک نه‌بێت له کۆڵه‌که‌کانی ئه‌وا دوچاری شکست و له‌ناوچون ده‌بێته‌وه.
٢-فۆبیای کۆنگره و نه‌مانی شه‌رعیه‌تیان:
یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان به‌پێی په‌یڕه‌وه ناوخۆکه‌ی ده‌بێت هه‌ر چوار ساڵ جارێک کۆنگره ببه‌ستێت و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش له‌نێو سه‌رکردایه‌تی مه‌کته‌ب سیاسیه‌کی نوێ هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام دواین کۆنگره‌ی له ساڵی ٢٠١٠ له شاری سلێمانی به‌ست، زیاتر له حەوت ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر واده‌ی به‌ستنی کۆنگره‌دا وه‌لێ تا ئێستا نه‌ک هه‌ر ئاماده‌کاریی بۆ نه‌کراوه بگره هه‌ندێکیان هه‌ر له‌گه‌ڵ ناوهێنانیدا دوچاری نه‌خۆشی فۆبیا ده‌بن به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که دڵنیان جارێکی تر نابنه جێ ئومێدی کادیران و ده‌نگی پێویست ناهێننه‌وه.
له هه‌موو کات زیاتر پێویسته (ی.ن.ک) کۆنگره ببه‌ستێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو باڵه‌کان یه‌کبخرێن و هاوسه‌نگی هێز بگه‌ڕێته‌وه و ناوه‌ندی بڕیاردان دروست بکرێت و له‌وانیش گرنگتر یه‌کێتی رزگاربکرێت له‌و بیماریهی که دور له تاڵه‌بانی به‌رۆکی گرتوون. ئێستا ئه‌وانه‌ی که شه‌رعیه‌تیان نه‌ماوه ده‌یانه‌وێ به سزادانی یه‌کێتیه دانسقه و ڕه‌سه‌نه‌کان شه‌رعیه‌ت بۆ خۆیان بگه‌ڕێننه‌وه له کاتێکدا ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگانه شلگێرانه‌ی یه‌کێتی سزا بدرێت ده‌بێ کێ ئه‌وان سزا بدا که دنیایه‌ک نهنگیان داوه به‌ده‌سته‌وه ده‌لاقه‌یه‌کی گه‌وره‌یان له سه‌ر سیاسه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان دروست کردووه.
٣-کاری بزنس و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌ته‌کانیان:
گومان له‌وه‌یا نیه به‌شێکی زۆر له به‌رپرسه باڵاکانی یه‌کێتی وێڕای سیاسه‌تکردن سه‌رقاڵن به کاری بزنس و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمپانیاکانیان، ساده‌تر بڵێین حزبیان کردۆته ئامڕازێک بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانیان نه‌ک خزمه‌تی هاونیشتیمانیان و که‌سوکاری شه‌هیدان ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان، یه‌کێتی له سه‌ره‌تای دروست بونیه‌وه یه‌کێک له هه‌ره دروشمه جوانه‌کانی (گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ خانووه قوڕه‌کان)، بارته‌قای هه‌رچی هێزی ناوچه‌که هه‌یه له‌دژی کاپیتالیزم جه‌نگا، جێی داخه هه‌نوکه به‌شیکیان هێنده ڕۆچونه‌ته نێو گێژاوی سه‌رمایه‌داری، ئه‌وه‌یان بیرچۆته‌وه که یه‌کێتی هه‌میشه له‌به‌ره‌ی گه‌ل بووه‌و تیۆری ده‌وڵه‌مه‌ندبوون له‌سه‌ر حسابی میلله‌ت به تاوانێکی گه‌وره‌ی زانیوه، ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی غه‌درێکی گه‌وره‌یان ده‌رهه‌ق به‌و خه‌باته جوان و بێگه‌رده‌ی سه‌رده‌مانێکی یه‌کێتی کردووه. ئه‌فسوس ئه‌و تاقمه بزنسه هه‌رچی خه‌باتی ڕابردوی خۆیان و حزبه‌که‌یان و شه‌هیدان هه‌یه کرده قوربانی ته‌نها دوو عانه‌ی موفت و یاساغ.
٤-پرۆژه‌که‌ی لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ک دوا ده‌رفه‌ت:
دوای نائومێدبوونی به‌شێکی زۆر له کادیر و لایه‌نگرانی یه‌کێتی له ئه‌نجامدانی چاکسازی و نه‌به‌ستنی کۆنگره لاهور شێخ جه‌نگی توانی کۆده‌نگیه‌ک له ئاستێکی باڵای حزبیداو دروست بکات و وه‌ک قۆناغی یه‌که‌میش زیاتر له ٣٠ سه‌رکردایه‌تی واژویان کرد بۆ ئه‌نجامدانی کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری خێرا و له ناویشیان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌کته‌ب سیاسی بوو تا کاتی به‌ستنی کۆنگره، ئه‌و پرۆژه‌یه له‌م کاته‌یه گرنگترین و به‌هێزترین پڕۆژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کێتی له‌و بێ سه‌روبه‌ریه رزگار بکات و له ده‌ست کۆمه‌ڵێک به‌رژه‌وه‌ندخواز بهێنرێته ده‌ره‌وه‌و جارێکی تر بکه‌وێته‌وه ده‌ست یه‌کێتیه ڕه‌سه‌ن و ئه‌مینه‌کان.
زۆر گرنگه له‌م کاته هه‌ستیاره‌دا، که‌سوکاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و کادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌کێتی پشتگیری له هه‌ر پرۆژه و پێشنیارێک بکه‌ن که ئه‌وله‌ویه‌ت بدات به گۆڕانکاری و باشکردنی گوزه‌رانی هاونیشتیمانیان و هه‌ڵوه‌شادنه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی و جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی کۆنگره، هه‌موو ئه‌مانه‌ش وه‌ک چاره‌سه‌ر و دوا ده‌رفه‌ت بۆ باشکردنی دۆخی نێوخۆی یه‌کێتی، وه‌لێ به پێچه‌وانه‌وه دور نییه له‌لایه‌ن ئه‌و تاقمه‌وه هه‌رچی سه‌روه‌رییه‌کانی رابردوی حزبی شه‌هیدان هه‌یه به لۆگۆ ئاڵا و هێزی پێشمه‌رگه‌وه راده‌ستی ماڵباتی بارزانی بکرێت.