” پێنج هەڵەی باو لەکاتی ڕاکردندا “
ئامادەکردنی: ئیدریس پاڵانی
(تۆم گراگس) کە ڕاهێنەری ڕاوێژکارە لە هەندێك براندی گەورەی وەرزشی بەریتانیا، توێژینەوەیەکی نوێی ڕاگەیاند کە دوای ١٠ ساڵ لە چاودێری کردنی ئەو کەسانەی وەرزشی ڕاکردن ئەنجام ئەدەن، بۆی دەرکەوت زۆربەیان ٥ هەڵەی گەورە دووبارە ئەکەنەوە کە ئەمانەن:
١ – زۆر خێرا – زۆر زوو
زۆر لە خەڵکی بە خێراییەکی زۆر ڕادەکەن لەکاتی ڕاهێنانەکان بۆ دابەزاندنی کێشیان، وا دەزانن ئاوا زوتر ئەگەن بەو ئامانجەی کە دایانناوە ، بەڵام ئەمە دروست نیە و زیانی زۆرە، واباشترە بە خێراییەکی کەمتر ڕابکەی تا ئەو چەورییەی لاشە بسوتێ و بگۆڕێ بۆ ماسولکەی بەهێز.
٢ – یەک شوێنی دیاریکراو
ڕاهێنان لە یەك شوێن و دووبارەکردنەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ وادەکات بەرەوپێش نەچیت و لاشەت لەگەڵ ئەو وەرزشە رابێت، بۆیە وا باشترە گۆڕانکاری هەبێت، لە شوێنی ڕاهێنانەکە ، هەروەها گۆڕینی شوێنەکە وا لە وەرزشوان دەکات بێزار نەبێت و بەردەوام بێت.
٣ – کار و وەرزش
زۆربەی خەڵکی فەرمانبەرن و کاردەکەن لە کۆمپانیا یان دامودەزگا حکومیەکان، بۆیە هەندێ جار بەهۆی سەختی کارەکەیانەوە لە ڕاهێنانەکان دادەبڕێن، ئەمەش وادەکات سودی تەواو لە وەرزشەکە نەبینن، هەروەها کەمی خەو یەکێکی ترە لە هەڵە گەورەکان چونکە ئەندامەکانی لەش بەتایبەت ماسولکەکان پێویستیان بە پشوویەکی تەواو هەیە، بەڵام ئەوانەی کاردەکەن بەهۆی سەختی کارەکانیان زۆرجار توشی کەمخەوی ئەبن.
٤ – دابەشکردنی کاتەکان
ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان لەیەك کاتدا بەسەریەکەوە زیانێکی زۆر بە وەرزشوان ئەگەیەنێت، چونکە دەبێتە هۆی ماندووکردنی زیاد لە ڕێژەی ئاسایی ماسولکەکان و پەکخستنیان، وا باشترە ڕاهێنانەکان دابەش بکرێن بەسەر چەند کاتێکی جیاوازدا و لەهەرکاتێك بەشێکی ئەنجام بدرێت، بۆ نمونە ڕاهێنانەکان دابەش بکرێت بەسەر بەیانیان و نیوەڕۆ و ئێواران.
٥ – پلانی کورت خایەن
زۆربەی ئەوانەی وەرزش دەکەن، ئەیانەوێ لەماوەیەکی کورتدا دەرەنجامی ڕاهێنانەکانیان ببینن، ئەمەش بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە، چونکە لە ئەگەری دەرنەکەوتنی ئەنجامەکان وەرزشوان بێزار ئەبێت و زۆرجار ئەبێتە هۆی وازهێنانی لە ڕاهێنانەکان، بۆیە وا پێویستە پلانی درێژخایەنی هەبێت و پەلە نەکات لە گەیشتن بە ئامانجەکەی.
سەرچاوە : زە گاردیان