ڕه‌قه: 300 هاوڵاتی مه‌ده‌نی ڕزگاركران
له شه‌ڕه‌كانی 24 كاتژمێری ڕابردوودا له ڕه‌قه 78 چه‌كداری داعش كوژران، 300 هاوڵاتی دیكه‌ی مه‌ده‌نیش له ناوه‌ندی شاره‌كه ڕزگاركران.
پێگه‌ی هاوارنیوز بڵاویكرده‌وه، شه‌ڕو پێكدادانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له هه‌ر چوار لای شاری ڕه‌قه به‌رده‌وامه و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له گه‌ڕه‌كی مه‌نسور و ڕه‌شید له ڕۆژهه‌ڵاتی ڕه‌قه 29 چه‌كداری داعش كوژران، دوو ئوتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویش به‌ر له‌وه‌ی بگه‌نه ئامانجه‌كانیان ته‌قێندراونه‌ته‌وه.
هاوكات له گه‌ڕه‌كی نهزلهت شیحاده له باكوری ڕه‌قه، 29 چه‌كداری داعش له ئه‌نجامی شه‌ڕێكی سه‌خت كوژراون و عه‌مبارێكی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیش كه‌وتوه‌ته ده‌ستی شه‌ڕڤانان، له گه‌ڕه‌كی ده‌رعیه‌ی باشوور و به‌ریدی باكووریش 13 و له ڕهوزهش 7 تیرۆرستی داعش كوژراون.
له‌لایه‌كی تره‌وه، تیمه تایبه‌تییه‌كانی شه‌ڕڤانان بۆ ڕزگار كردنی مه‌ده‌نییه‌كان، توانیویانه نزیكه‌ی 300 هاوڵاتی مه‌ده‌نی له ناوه‌ندی ڕه‌قه ڕزگار بكهنو بیانگه‌یه‌ننه شوێنه ئارامه‌كان.