وەزارەتی ناوخۆ: فەرهاد سەنگاوی نەڕفێنراوە
جەلال شێخ كەریم بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری كوردستان سكاڵای لەسەر كەس تۆمارنەكردوە تا وەزارەت رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر، هێرشكردنە سەر مەلا سامان سەنگاوی-یش بە كێشەی شەخسی وەسف دەكات.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئاوێنە"، دەربارەی رفاندنی فەرهاد سەنگاوی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە چەند رۆژی رابردودا، جەلال شێخ كەریم دەڵێت "وەك خۆی باسی لێكردوە نەرفێنراوە، بەڵكو كۆمەڵێك كەس رۆیشتون داوای ئۆتۆمبێلێكی یەكێتیان لێكردۆتەوە كە لای بوە".
سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستیش لەلایەن وەزارەتەوە بۆ ئەو روداوە، وتویەتی "فەرهاد سەنگاوی سكاڵای لەسەر كەس تۆمارنەكردوە".
لەبارەی هێرشكردنەسەر مەلا سامان سەنگاوی لە قەزای چەمچەماڵ كە رۆژی هەینی رابردوو چەند كەسێك هێرشیانكردە سەری و برینداریان كرد، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەكردوە، پێدەچێت كێشەكە شەخسی بێت، چونكە لەبەردەم مزگەوتێك لێیدراوە كە خۆی مەلای ئەو مزگەوتە نییە.