بارزانی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی هەرێم، نە خۆم نە هیچ خزمێکم کاندید نابن
بارزانی ڕایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی هەرێم، نە خۆی نە هیچ خزمێکی کاندید ناکات.
بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی عوکازی سعودیدا وتی "داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێممان کرد لە ١ی تشرینی دووەمدا، نە خۆم و نە هیچ خزمێکم کاندید ناکەم."
بارزانى ڕایگەیاند لەدواى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى ریکس تیڵەرسن هیچ ڕەزامەندییەکى نەداوە بۆ دواخستنى ڕیفراندۆم، بەڵام ڕازى بووە بەوەى لەگەڵ بەغدا دیالۆگ ئەنجام بدەن بۆ دانوستان لەسەر بەدیهێنانى شێوازێک کە داهاتوویەکى باشتر بۆ هەردوولا مسۆگەر بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هیچ شێوەیەک دواخستنی ڕیفراندۆم بوونی نییە.
ئەوەشی وت "ئێمەی خەڵکی کوردستان لە هەموو کەسێکی تر باشتر دەزانین کە کەی کاتێکی گونجاوە بۆ ڕیفراندۆم و ئێستا کاتییەتی."
ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت کوردانی تورکیا و ئێران لەڕێگەی دیالۆگی ئاشتیانەوە لەگەڵ حکومەتی ئەو دوو وڵاتەدا مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن.
ڕاشیگەیاندووە، کاریگەری ئێران لە عێراق زیاترە لە هەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە و جیهان و وتیشی "ئێمە لەسەر بنەمای ڕێز پەیوەندییەکی هاوسەنگمان لەگەڵ ئێراندا دەوێت، بەڵام چاودێریکردن قبوڵ ناکەین."
بارزانى ڕایگەیاند لەڕاستیدا نورى مالکى هۆکارە بۆ گەیشتنى عێراق بەم دۆخەى ئێستا، و پەیوەندییەکانى نێوان بەغدا و هەولێرى تێکدا و دەستوورى پێشێل کرد و تائیفیەتى تۆخ کردەوە و دەسەڵاتى قۆرخ کرد. بارزانى دەڵێت هۆکارى کێشەکانى لەگەڵ نورى مالکى کێشەى شەخسى نین.
ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆر جار قاسم سولەیمانى سەردانى کردووە و لەمیانى دیدارەکانیاندا گفتوگۆى دۆستانەیان کردووە، و کێشەیەک لەنێوانیاندا ڕووینەداوە.
بارزانى ئاشکراى کردووە ژمارەى شەهیدانى دژى داعش هەزار و ٧٨١ پێشمەرگەن و ژمارەى بریندارانیش ١٠هەزار و ١٦١ پێشمەرگە دەبن.
وتووشیەتی "لەوبڕوایەدام تورکیا لەئەزموونى ٢٥ ساڵى لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا پەیوەندییەکى ستراتیژى هەیە. پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمدا هەڕەشە نەبوون بۆسەر تورکیا و بەپێچەوانەوە پێشکەوتنى دۆخى ئەمنیى و سیاسى و ئابوورى لە هەرێم لە بەرژەوەندى تورکیایە و یارمەتیدەرى سەقامگیرى دۆخى تورکیایە و بەرژەوەندى گەورەى ئابوورى لەنێوان هەرێم و تورکیا هەیە لەڕووى بازرگانییەوە. بارزانى وتووشیەتى سەلماندوومانە کە ئێمە هۆکارى هەڕەشە نین بۆ تورکیا و ئێران، زۆر بە پێچەوانەوە هاوکاربوون لە نزیکبوونەوەى پەیوەندییەکانى کوردى ناوخۆى تورکیا و ئێران لەگەڵ دەوڵەتەکانیاندا."