یەكگرتوو وادەی چاككردنی دۆخەكە ئاشكرا دەكات
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتوو داوا دەكات پرسی ریفراندۆم بە چاككردنی موچەی فەرمانبەران نەبەسترێتەوەو دەشڵێت: خراپی بژێوی خەڵك حاڵەتێكی كاتییەو ئەگەر ئێستاش چاك نەكرێت، ساڵێكی دیكە چاك دەبێت.
حاجی كاروان ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی،رایگەیاند: ریفراندۆم مەسەلەیەكی نەتەوەییەو پەیوەندی بەهەموو تاكێكی كوردەوە هەیە، بەڵام بژێوی خەڵك حاڵەتێكی كاتییە بەفشارو گۆڕینی حكومەت یان پەرلەمانێكی دیكە، دەتوانرێت باش بكرێت، بۆیە ناكرێت مەسەلەی ریفراندۆم بچوكبكرێتەوە لەكاتێكدا بۆتە بڕیارو جیهان تێگەیەنراوە.
وتیشی: "چاككردنی بژێوی خەڵك داواكاری هەموو لایەنەكانە، بەڵام سەرۆكایەتی حكومەت بەڕەسمی و ناڕەسمی رایانگەیاندووە، لەدوای مانگی ئەیلولەوە دەتوانن (75%)ی موچە بدەن، دەبێت ئێمەش وەكو خەڵك چاوەڕوان بین و بزانین بەڵێنەكەیان دەبەنەسەر یان نا".
ناوبراو كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كورستانە، ئاماژەی بەوەشكرد كە نكوڵی لەوە ناكرێت زوڵم لەمیللەت كراوەو وتی: ئەگەر حكومەت پاشەكەوتی موچە نەداتەوە، واتە دزی لە فەرمانبەران كردووە.
حاجی كاروان پشتیوانیشی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم كردو رایگەیاند:" ناكرێت ئەو پرسە بەداواكاری حزبەكانەوە ببەسترێتەوە، چونكە ریفراندۆم زۆر لەو بارودۆخەی ئێستا گەورەترە، كە بەهۆی گەندەڵییەوە دروستبووە، ئەگەر ئێستاش چاك نەكرێت، ساڵێكی دیكە چاك دەبێت.