جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا لەسەر دەرکردنی فەرهاد سەنگاوی هاتە دەنگ
وتەبێژی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا ڕایگەیاند، بۆ فەرھاد سەنگاوی شانازییە لەسەر نەخێر بۆ بیست و شەش ساڵی حوکمڕانی کوردی کە پڕاوپڕە لە زوڵم و بێدادی سزابدرێت.
ڕابوون مەعروف وتەبێژی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی "ھەڵبەت جگە لەوەی بۆ فەرھاد سەنگاوی شانازییە لەسەر نەخێر بۆ بیست و شەش ساڵی حوکمڕانی کوردی کە پڕاو پڕە لە زوڵم و بێدادی، سزا بدرێت، ئەم جوڵە نادیموکراتیانەیە ھاوسۆزی و ھاوپشتی بۆ جوڵانەوەی نەخێر و شەخسی کاک فەرھاد سەنگاوی زیاتر دەکات و دەنگی (نەخێر) لە ھەموو لایەکەوە بەرزتر دەبیتەوە".
ڕاشیگەیاندووە "سزای ئەوتۆ نەک ھەر خەڵکی ئازای وڵاتەکەمان ناترسێنێت، بەڵکو لە ڕۆژی دەنگدان بە (نەخێر) سزای ھەموو ئەزمونی حوکمڕانی بیست و شەش ساڵەی دەستەبژێری دەسەڵات دەدات".
دوێنێ بڕیاری دەرکردنی فەرھاد سەنگاوی لە یەکێتی ڕاگەیەندرا بە ناوی مەکتەبی سیاسییەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی سپیش بڕیارەکە لە لایەن مەکتەبی سیاسییەوە نەدراوە کە ١٧ ئەندامن و تەنھا لەلایەن کۆسرەت ڕەسوڵ و ئەندامانی دەستەی کارگێڕەوە دراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی سپی میدیا، ھەریەکە لە کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، ھەریەکە لە مەلا بەختیار و عومەر فەتاح و حاکم قادر کۆبوونەتەوە و بە ناوی مەکتەبی سیاسییەوە بڕیاری دەرکردنی فەرھاد سەنگاویان داوە بەھۆی بەشداریکردنی لە "جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا".
سپی زانیویەتی کە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی ئەنجام نەدراوە و ئەو چوارکەسە بڕیاری دەرکردنی فەرھاد سەنگاویان دەرکردووە.
دوێنێ ڕاگەیەندراوێک بە ناوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە بڵاوکرایەوە و تێیدا ھاتبوو "بڕیارمان دا فەرھاد سەنگاوی لە ڕیزەکانی خۆمان وەدەربنێین، چونکە چووەتە ڕیزی کامپینی (نەخێر لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم)."
ئاماژەی بەوەش کرد، مافی چارەنووس و ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییە و لادان لێی توندترین سزای حزبی لەسەرە.
ئەوەشی وتووە، فەرھاد سەنگاوی لەدوای راپەڕینەوە بەردەوام دەڵێت "باشترین ھەل بۆ کورد ھەڵکەوتووە، بۆ سەربەخۆیی، بەڵام سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ناوێرن بڕیاری سەربەخۆیی بدەن" کەچی، کاتێک سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بڕیاری ریفراندۆم دەدات، دەچێتە ڕیزی کامپینی (نەخێر لەئێستادا بۆ ریفراندۆم).
ڕۆژی ھەشتی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی ژمارەیەک سیاسەتمەدار و سەرمایەدار و ڕۆژنامەنووس جووڵانەوەی نەخێریان لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند.
