گۆڕان بۆ یەکێتی: خەڵک چیتر گوێ لە پلانی بی و سی ناگرن
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، وەڵامی هەڕەشەی
بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە کە باسیان لە بوونی پلان
(بی) و پلان (سی) دەکرد و ڕای گەیاند کە خەڵک چیتر گوێ لەو قسانە ناگرن.
ئەمیری حاجی کەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە
سۆران ڕاگەیاندوە: ”ھەڵەی زۆر کراوە و دەبێ بیرێکی ئاقڵانە بکەینەوە و ھەڵەکان چارەسەر
بکەین، ئەو ھەڵانەش بە عینادی و دواخستنی پرۆسەی سیاسی چارەسەر نابێ“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ”ئەو سەردەمە بەسەرچووە
خەڵک گوێ لە پلانی بی و سی و دروستکردنی چەند ھەرێمێک لەناو ھەرێمی کوردستان بگرێت،
ئەمە بە ھەوڵێکی نەزۆک دەبینم و زیاتر بۆ ماندووکردن و ئازاردانی خەڵکە، ئەگەرنا لە
ڕابردوو دوای شەڕی ناوخۆ، ھەموو ھەوڵێکمان بۆ یەکگرتنەوەی ئەم ھەرێمە بووە و ئامادەکاری
کراوە و ھەنگاوی باش نراوە، تازە بەتازە دێت لەسەرەوە ھەڵی بوەشێنێتەوە، ئەمە خزمەت
بە خەڵک و ھەرێمی کوردستانیش ناکات“.
سەرکردەکەی گۆڕان دژایەتیی بزووتنەوەکەی بۆ هەموو
ئەو هەوڵانە دووپات کردەوە کە لە بارەی بە دوو ئیدارەکردنی هەرێمی کوردستان دەدرێن
و بە ڕاشکاویش ئاماژەی بەوە کرد: ”دەمێکە زۆنی سەوز تەنیا ھی یەکێتی نییە، بەڵکوو
ھی ھەموو میللەت و حزبەکانە بە گۆڕان و پارتی و کۆمەڵ و یەکگرتووشەوە“.
