لە پەیامێکدا هاوپەیمانیی نیشتمانی داوای مافی هاوڵاتیان دەکات
لە پەیامەکەی هاوپەیمانی هاتووە:- هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان
یادی ٢٨ ساڵەی ڕاپەرین دەكەنەوە کە دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و بژێوی و باری
ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لەبارێکی نالەباردایەو زۆرێك لەو ئامانجانەی كە
راپەڕینی لەپێناودا كرا، هەرلە دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان و پاراستنی شکۆی
مرۆڤ و دابینکردنی خۆشگوزرانی بۆ هاوڵاتیان، تادەگاتە چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی
ڕاستەقینە و بنیاتنانی حوكمڕانییەكی باش، بەدینەهاتوون و هاوڵاتیان لە
لوتکەی بێئومێد و نیگەرانیدا ژیانی کولەمەرگی بەسەردەبەن.
دەشڵێت:- جگەلەوەی ئەمڕۆ نەوەیەک داوای ماف و ئازادی دەکات کە
ئەو سەروەریانە ناکەنە پاساوی نادادی و گەندەڵی و شکستی حوکمڕانی، چاویان لە
ژیانیکی باشتری هاوشێوەی گەلانی پێشکەوتووی دونیایە و هاوڵاتیان بەبێزاری و
توڕەییەوە لەچاوەڕوانی باشکردنی دۆخەکەدان و نموونەی گەلێکی ئارامگرن و لەبری
دەسەڵاتداران هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن.
ئێمە لە هاوپەیمانیی نیشتمانی سەرەڕای ڕەخنە و نیگەرانی زۆرمان
لە سەر تیکڕای سیستمی سیاسی و حوکمڕانی لەهەرێمدا ، بە گەشبینیەوە دەڕوانینە
داهاتوو، لەو پێناوەشدا پشتیوانی هەر هەنگاوێك دەکەین بە ئاراستەی چاکسازی و
گۆڕانکاری ڕیشەیی و هیواخوازین هەموان بەگیانی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لە گەڵ بارو
دۆخەکەدا بکەن و کۆتایی بە ناکۆکی و بەرژەوەندییە تایبەتەکان بهێنن و لە پێناو
یەکڕیزی وبەرژەوەندی گشتیدا و لە زووترین کاتدا کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی
کوردستان پێکبهێنرێت، کە ئەرکی لە پێشینەی دابینکردنی بژێوی خەڵك و کۆتایی هێنان
بە گەندەڵی بێت و لە ئاست چاوەڕوانی هاوڵاتیان وتێپەڕاندنی قەیرانەکاندا بێت
و چیتر قەیران بە قەیران چارەسەرنەکرێت و کۆتایی بەم نەهامەتی و ستەمە بهێنرێت و
پێکەوە کاربۆ ئارامی و پێشکەوتن و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بکەین .