یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێت رێککەوتنی دەباشان کارابکەنەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ نزیکبوونەوە و رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ گۆڕان، لە دەرگای گردەکەی داوە، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە. هەوڵەکە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ گۆڕان، کە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق تێکیدا. بەپێی زانیارییەکانی رووداو یەکێتی وەرەقەیەکی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە ئامادەکردووە، ناوەڕۆکەکەی کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی دەباشانە کە ساڵی رابردوو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان گوتی ''یەکێتی پێوەی پابەندنییە و هەڵی پەسارد''.
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانجە سەرەکییەکە بریتییە لە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان و لابردنی هەر تەگەرەیەک بۆ پێشخستنی ئەو پەیوەندییەی لە نێوانمان هەبوو، بابەتەکەش لای ئێمە بەو جۆرە سەیر دەکرێت، ئێمە چەند بازنەیەکمان داناوە و بازنەی یەکەم سلێمانییە ئێمە دەمانەوێت لە چوارچێوەی سلێمانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان پتەوبکەین و ئەوەی پێویست بە چاککردنەوە دەکات چاکی بکەین و پەرەی پێبدەین".
هێشتا ئەو بڕیارەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هەڵنەگیراوە کە دوای تەقەکانی شەوی هەڵبژاردنەکەی عێراق دژ بە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی دایان، بەڵام بە هەمان تووندی جارانیش دانیشتنیان لەگەڵ رەتناکەنەوە. رووداو زانیویەتی بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیازەکەی یەکێتی رای گردەکە دوو بۆچوونە و دەنگی لەگەڵ و دژیش هەیە، بەگوتەی ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتەوەکەش ئەگەر بڕیاربێت لەگەڵ یەکێتی رێککەوتن بکەن لە رێککەوتنەکەی دەباشان باشتریان پێ بەرهەم نایەت.
هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "رێککەوتننامەی دەباشان لای ئێمە زۆر پیرۆزە، لەبەر ئەوەی لەنێوان دوو سەرکردەی کاریزما نەوشیروان مستەفا و مام جەلال واژۆکرابوو، تەواوی خاڵەکانی ئەگەر هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بەوردی بیخوێننەوە دەزانن لەبەرژەوەندی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە هەرکاتێک ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت ئێمە پێشوازی لێ دەکەین".
گۆڕان و یەکێتی بە رێککەوتننامەی دەباشان ئەوەندە لەیەک نزیکبوونەوە قسە و هەنگاوەکانیان هیچ لەیەکتر جیاواز نەبوو، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکانیان وەک ساڵانی سەرەتا سارد و پڕ گلەییە، هۆکاری مانەوەشیان لەو بێدەنگیەدا زۆنی هاوبەشی کارکردنیانە کە نایانەوێت دراوسێیەکی بێزارکەربن بۆ یەکدی.