کاکم بەڕیشی ڕەوایە....
هێمن گۆپتهپهیی
لەم ڕۆژانەدا تەلەفونێکم بۆهات، دەتگوت لەسەر ئاگرە، هەرهێندەی بەڵێم بۆکرد، بەخێرایی خۆی ناساند، کابرا پێگەیەکی حزبی هەیەو داواکاری هەبوو. بەڵام لەبەرئەوەی داکارییەکەی پەیوەندی بە گشتەوە هەیە پێمخۆشە بیخەمە بەردیدەی هاوڕێیان . - ئەلو فەرموو. - من فلانی کوری فڵان و کادری پێشکەوتووی فڵان حزب، زۆردەمێکە لەهەوڵدام تەلەفونت بۆبکەم لەڕێگەی چەند برادەرێکەوە تاژمارەکەتم بەدەستهیناوە، بەرلەم جارەش دووجاریتر هەوڵمداوە پەیوەندیت پێوە بکەم بەڵام داخەکەم بەردەست نەبووی. - کەی بوو ؟ - بەخوای لە بیرم چۆتەوە. - بەڵێ فەرموو لەخزمەتدام - من داوەتی دادگای لاهای کراوم، پێیان وتوم کەتۆ داتاوئامارو وێنەی ئەنفال وشەهیدانی گۆپتەپەو سنورەکەت زۆرلایە. - بەڵێ لامە - هەندێک شتم لەوبابەتانە بۆحازربکە کاتیشم زۆر نەماوە 20ئەم مانگە بەڕێ دەکەوم. - جا برای من بەرێدەکەوی سەفەرت خێرو سەلامەت بێت، دیارە زۆریشت پەلەیە. - ئەرێ وەڵا لە تاڵوکەدام - باشە، باش، برام خۆمن دوکاندارنیم..! هەتا چیت ویست بۆت بپێچمەوە. - ئەی چارە سابەخوای منیش زەرورم - ئەی تۆ ڕۆژێک نە لەیادی ئەنفالی گوندەکەی خۆم و نە لە کۆڕوکۆنفرانسێکی تایبەت بەئەنفال وجینۆساید بینراویت .. ئیدی هەموو شتەکانی خۆشمت بدەمێ چ خێر بۆکورد دەدەنەوە ؟ - ساوەڵا چ بڵێم ئەوهالەیە - ئەی من چ بڵێم بەڵێنی چیت بدەمێ ؟ گەرداتاوئامارو وێنەت گەرەکە، بچۆ ئەو کتێب و گۆڤارانە لەگەڵ خۆت بەرە (ناونیشانی چەند کتێبێکم پێدا) دیاربوو قسەکانمی پێ خۆش نەبوو. ئەگەر، حکومەت و وەزارەتی شەهیدان خەڵکی پسپۆڕوخاوەن ئەزموون و شارەزای بویستایە ئەوە گۆڤاری ئەنفالستان ودەیان قەڵەمی مەیدانی تر لەبواری جینۆساید هەن . بەڵام ئەگەر ئێوە تەنها لەکاتی گەشتدا یان لەکاتی خۆهەلبژاردنی پەرلەماندا بیرتان بکەونەوە، هەردەبێت ئاوا بەدەستی بەتاڵ بچنە دادگای لاهای !
