نوێترین زانیاری لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە ئاشكراكرا
ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەبێ هیچ هۆكارێكی یاسایی و سەرژمێری نەكراو ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ۲٠۱۸ی عیراق لە ئەنجومەنی وەزیرانە و تیایدا پشكی كورد لە ٪۱۷ بۆ 12.67% كەمكراوەتەوە، دەشڵێت: "زۆر گرنگە بەزووترین كات گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغداد بكرێت".
د.بەختیار شاوەیس، ئەندامی كوردی پەرلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی ڕایگەیاندووە، حاڵی حازر ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ۲٠۱۸ی عیراق لە ئەنجومەنی وەزیرانە و تیایدا پشكی كورد لە ٪۱۷ بۆ 12.67% كەمكراوەتەوە بەبێ هیچ هۆكارێكی یاسایی و سەرژمێریش نەكراوە، جگە لە بەهانەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەگەر لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر درا و ڕەوانەی پەرلەمان كرا ئەوا پەرلەمان تەنها دەتوانێت دوو جۆر دەستكاری بكات.
دەشڵێت: "لە پەرلەمان تەنها دەتوانرێت كار لەسەر كەمكردنەوە لە خەرجیەكان یان گواستنەوە لەنێوان خەرجیەكان بكات، بۆیە ناتوانرێت ڕێژەكە زیاد بكرێت، هەر بۆیە زۆر گرنگە بەزووترین كات گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغداد بكرێت بۆ ڕاستكردنەوەی ئەمە، چونكە ئەم كەمكردنەوەیە كاریگەری سلبی دەبێت".
ڕاشیگەیاندووە، پێدەچێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی ئایندە لەبەغداوە دابینبكرێت بەوپێیەی كێڵگە نەوتیەكان و داهاتی سنوور و فڕۆكەخانەكان گەڕاوەتەوە بۆ حكومەتی ئیتیحادی، لەگەڵ پشكی هەرێم لەدەرمان و پێداویستیە تەندروستیەكان، پشكی هەرێم لە خۆراك، پشكی هاوڵاتیانی هەرێم لەحەج.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پێویستە ئەم دەرفەتەكە لەدەست نەدرێت و ئەمەش نەكرێت بەمەسەلەی ڕیفراندۆمەكە، كە گوێتان نەگرت، چونكە دواتر پەشیمانی دادمان نادات.