پارتی دیكۆمێنت و وەسڵەكانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران بۆ شوێنێكی نادیار دەگوازێتەوە
بەرپرسانی سنووری ئیداریی پارتی دیكۆمێنت و وەسڵەكانی مەرزەكانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەرانیان بۆ شوێنێكی نادیار گواستووەتەوە و بە پێی زانیارییەكانیش ئەو كارەیان بۆ شاردنەوەی داهاتەكان لە حكومەتی عێراقی كردووه.
دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و دەستبەسەرداگرتنی 51%ی خاكی هەرێم، حكومەتی عێراقی داوای كۆنتڕۆڵكردنی خاڵە سنوورییەكان دەكات و پارتییش بە مەبەستی شاردنەوەی داهاتی ڕاستەقینەی ئەو خاڵە سنوورییانە دیكۆمێنت و وەسڵەكانی بۆ شوێنێكی نادیار گواستوونەتەوە.
لوقمان گوری، بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتیی لە قەزای چۆمان رایگەیاندووە" بەڵگە و دیكۆمێنتە یاساییەكانی مەرزی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل بۆ شوێنێكی نادیار گواستراونەتەوە بۆ ئەوەی نەكەونە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند".
لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە زیانی زیاتر لە 40 ملیار دینار بە داهاتی مەرزەكان گەیشتووە.
ئەگەر دیكۆمێنتەكان یاسایین نازانین بۆچی دەگوازرێنەوە، بەڵام جموجۆڵ لە مەرزی حاجی ئۆمەران وەستاوە و پێ دەچێت لەم چەند ڕۆژەدا ڕێككەوتن بكرێت و بكرێتەوە. لوقمان گوری وای وت.
بە پێی ئەو زانیارییانەی ״ئاژانس״ لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە دەستی كەوتوون، پارتی ئەو دیكۆمێنت و وەسڵانەی بردوون بۆ ئەوەی داهاتی ڕاستەقینەی ئەو خاڵە سنوورییانە دیار نەبێت لە ئەگەری داواكردنەوەی لە لایەن حكومەتی ناوەندییەوە.
مەسعود باستیلی، بەڕێوەبەری مەرزی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، 15 ڕۆژە مەرزەكەیان وەستاوە و ڕەتیشی كردەوە هیچ دۆكۆمێنتێكی مەرزەكەیان گواستبێتەوە.
وتیشی: ״چاوەڕێی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و ناوەندین بۆ كردنەوەی مەرزەكە.״
حكومەتی عێراق داوای كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانبەری بۆ دابین كردوون، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.
ساماڵ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم بە ״ئاژانس״ی وت: ״مەرزەكانی هەرێم لە دەست حكومەتی هەرێمدا ماون جگە لە مەرزی حاجی ئۆمەران و پەروێز خان هەر دوو مەرزی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ جموجۆڵی بازرگانی ئاساییە.״
