حەشدی شەعبی پیلانێكی پارتی لەكەركوك ئاشكرا دەكات
حەشدی شەعبی ئاسانكاری بۆ كشانەوەی هێزەكانی زێرڤانی لە دەشتی نەینەوا دەكات و وتەبێژی ئەو هێزەش رایدەگەیەنێت: گروپێكی دزو جەردەمان لەكەركوك دەستگیركردووە، كە پارتین و بە ئاڵای حەشدەوە كاری تێكدەرانەیان كردووە.
كەریم نوری وتەبێژی دەستەی حەشدی شەعبی، ئاشكرایكرد: ئەوەی لە مێدیاكانی پارتێكی كوردییەوە بڵاودەكرێتەوە گوایە چەكدارانی حەشدی شەعبی شەوانە هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و كێشە بۆ دانیشتوانی كەركوك دروست دەكەن، دوورە لەڕاستییەوە، چونكە هێزەكانی ئێمە لە دەوروبەری شارەكەن و تەنها پۆلیسی لەناو شارەكەدایە".
ئاشكراشیكرد: چەند گروپێكی دز و جەردەمان لەناو شاری كەركوك دەستگیركردووە، كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن و بە ئاڵای حەشدەوە دزیان لەماڵان كردووە و دەیانەوێت دۆخی سنوورەكە تێكبدەن.
سەبارەت بە دروستبوونی شەڕ لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا و حەشدی شەعبی لەسنووری دەشتی نەینەوا، وتەبێژەكەی حەشدی شەعبی وتی: "بەهیچ جۆرێك شەڕ و پێكدان لە سنووری دەشتی نەینەوا رووینەداوە، بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ 19ی تشرینی یەكەمی 2017، هێزەكانمان ئاسانكارییان بۆ هێزەكانی زێرەڤانی كردووە بەمەبەستی پاشەكشەكردن لەناوچەكەدا.
