دەسەڵاتی ڕەش
ئارام قادر حەمەسور
دەسەڵاتی سیاسی کورد لەماوەی بیست و شەش ساڵیدا نەیتوانیوە خەمەکان گەنجان هەڵبگرێت، نەیتوانیوە هیواکانیان بێنێتەدی، ئەو هیوایانەی وەک چرۆیەک دیارکەوت بوون، دەسەڵات هەر زوو پایزی بەسەر چرۆ بەهاریەکاندا هێنا، دەسەڵاتی جوتحیزب بەبەرنامە تەواوی خەون و هیواکانی گەنجانیان کوشت و وایان لەگەنجان کرد بەرەو ئەوروپا بڕۆن و مردن لە باوەشی دەریاکان هەڵبژێرن.
دەسەڵات ساسەتی کوشتنی ئومێدی گەنجانی داڕشتووە، تا ئێستاش ئەم سیاسەتە بەردەوامە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ترس لەهێزی گەنجان، چونکە گەنجان زوو دوای پڕۆژە و بەرنامە نوێیەکان دەکەون، ئومێدیان بە نوێبوونەوەیە، بڕوایان بە پارت و پڕۆژە کلاسیکیەکان نەماوە کە بەردەوام پیرە سیاسیەکان حوکمیان دەکەن، دەسەڵات ترسی لە یاخیبوون و خۆپیشاندانی گەنجان هەبوو، بۆیە بە توندترین شێوە بێ ئومێدیکردن و کەرامەت و سایکۆلۆجیای وێرانکردن.
بەبەرنامە زۆرینەی گەنجانی خستە ژێر دۆخێکی قورس کەنەتوانن پێداویستیە سەرەتاییەکانیان هەبێت، دامەزراندنی ڕاگرت ئەمەش لوتکەی بێ ئومێدبوونی گەنجان بوو، چونکە دوای تەواوکردنی زانکۆ و پەیمانگا دامەزراندن بناغەی ئومێدەکانە، دەسەڵات دەستی بۆ بڕینی موچە برد لە هەرێمێک کە پڕە لە نەوت وداهات، ئازادی ڕادەربڕین چەندین گەنجی ڕۆژنامەنوسی کردە قوربانی، مردن لەدەریاکاندا تاوانی دسەڵاتێکی فاشیلە کە نەیتوانی بچوکترین ئومێد بۆ گەنجەکانی بێنێتەدی، مردنی گەنجان لەدەریا ڕەشەکاندا بەرهەمی دەسەڵاتێکی ڕەشە، دەسەڵاتێکە ڕێگە نادات مۆمی گەنجان نیشتمان ڕوناک بکاتەوەو دوژمنی گەنجانە، بەرزکردنەوەی (نا) بۆ دەسەڵات و پڕۆژەکانی دەسەڵات سزایەکی سوکە بۆ تۆڵەی گەنجان، چونکە دەسەڵاتی سیاسی بەبەرنامە کار بۆ دەرکردن و بێ ئومێدی گەنجان دەکات.