سەركردەیەكی یەكێتی: تائێستاش ئەگەری بەهێز هەیە بۆ بەشداری گۆڕان و كۆمەڵ لە كاراكردنەوەی پەرلەمان
سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستاش ئەگەری بەهێز هەیە بۆ بەشداریكردنی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، چونكە لە كۆبوونەوەكاندا پێشنیازەكانی یەكێتییان بەلاوە باشبووە.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بە مەرجی ئاشكرا نەكردنی ناوی، بە وێستگە نیوزی راگەیاند، لە كۆبوونەوەكانی یەكێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، پێشنیازەكانی یەكێتییان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان باشبووە و وتی "وەكو خۆم تائێستاش بێهیوا نیم لە بەشداربوونی ئەوانیش لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و بەشداربوونیان ئەگەرێكی بەهێزە، ئەوان داوای گرەنتی جێبەجێكردنی پێشنیازەكانیان كردووە".
ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی ئەیلولی 2017و كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە هەولێر لەسەر ڕیفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سازكرا.
شاندی یەكێتی پێكهاتبوو لە مەلا بەختیار، سەعدی ئەحمەد پیرە، قوباد تاڵەبانی، خالید شوانی و عەدنانی حەمەی مینا، شاندی پارتیش پێكهاتبوو، لە نیچیرڤان بارزانی، فازڵ میرانی، ڕۆژ نوری شاوەیس، هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری و دڵشاد شەهاب.
میدیاكانی نزیك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاویانكردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرجەم خاڵەكانی پرۆژەكەی یەكێتیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان پەسەندكردوەو بڕیارە رۆژی 14 یان 15ی ئەم مانگە دانیشتنی پەلەمانی كوردستان دەستپێبكاتەوە.
لەبارەی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە بێگەرد تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی پی یو كەی میدیا-ی راگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست من كەوتووە، بڕیارە رۆژی 14 یان 15 ی ئەم مانگە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەستپێبكاتەوەو منیش وەك سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەو دانیشتنەدا ئامادەییم دەبێت."
وتیشی: "هیوادارم دانیشتەكانی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەیی سەرجەم پەرلەمانتارانی لایەنەكان دەستپێبكاتەوە و بەهەموو لایەك بتوانین لە رێگەی پەرلەمانەوە كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكەین و پرسەكان بەیاسایی یەكلایی بكەینەوە."
هەر سەبارەت بە كۆبونەوەكەش فەرحان جەوهەر، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند "بڕیارە سبەینێ پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكی نوێ بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان واژوو بكەن و وتی "بڕیارە ئەمڕۆش یەكێتی پەیوەندییەكی دیكە بە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامییەوە بكەن ئەگەر هەر بەشدار نەبوون، رۆژی 14ی ئەیلول یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان دەست پێدەكاتەوە".
وتیشی "بەپێی رێككەوتنە نوێیەكە، لەقۆناغی كاراكردنەوەی پەرلەماندا سەرۆكی پەرلەمان وەكو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام جێگر و سكرتێری نوێ دیاری دەكرێن، جێگر بۆ یەكێتی و سكرتێریش بۆ پارتی دەبێت".
رۆژی 5-9-2017 سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە، بەڵام بێ هیچ ئەنجامێك كۆتاییهات، رۆژی 7-9-2017یش سەركردایەتی یەكێتی كۆبووە و بڕیاریدا وەفدێَك بۆ گەیاندنی پەیامی یەكێتی رەوانەی لای گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بكات.
رۆژی 8-9-2017 شاندێكی یەكێتی سەردانی گۆڕانیان كرد و پڕۆژەیەكی حەوت خاڵییان پێشكەشكردن، دواتریش گوڵستان سەعید بەشداربووی گۆڕان لە كۆبوونەوەكەدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، بۆ بڕیاردانی كۆتایی، ئەو پڕۆژەیە دەبەنەوە جڤاتی نیشتمانی.
مانگی رابردووش جڤاتی نیشتمانی كۆبووەوە و بڕیاریدا گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بكات و پێنج خاڵیشیان كردە بنەمای گفتوگۆ، لە گرنگترینیان دواخستنی ریفراندۆم و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا، باشكردنی بژێوی ژیانی خەڵك و نەهێشتنی پاشەكەوت، لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
بڕیارە رۆژی 25-9-2017 ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و لە رۆژی 5-9-2017ەوە بانگەشە بۆ ئەو مەبەستە دەستی پێكردووەو تا رۆژی 22-9-2017 بەردەوام دەبێت.
دەقی پڕۆژەكەی یەكێتی:
یەكەم: ئاساییكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.
دووەم: پاشەكەوتی موچە لە ڕێی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسایەكی تایبەت لاببرێت و گرەنتی دانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی موچەخۆران بكرێت.
سێیەم: متمانە بەخشین بە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سندوقی داهاتە نەوتی و گازییەكان.
چوارەم: هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دەستەبەركردنی مافی دەنگدانی دانیشتوانی ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
پێنجەم: پەسەندكردنی یاسای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی.
شەشەم: لیژنەی ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستور بۆ ڕاپرسی متمانەی پێ ببەخشرێتەوە بۆ ئامادەكردنی دەستوری دەوڵەتی كوردستان.
حەوتەم: هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.