بە دیکتاتۆری کوردستان ناوی دەبات : فەتلاوی هێرش دەكاتەوە سەر بارزانی
بزوتنەوەی ئیرادەی عیراقی کە حەنان فەتلاوی سەرۆکایەتی دەکات، لەسەر ریفراندۆم ھێرش دەکاتە سەر مەسعود بارزانی و داواش لە سەرۆک کۆماری عیراق دەکات یەکپارچەیی عیراق بپارێزێت.
رۆژی دووشەممە ١١-٩ بزوتنەوەی ئیرادەی عیراقی کە حەنان فەتلاوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەرۆکایەتی دەکات راگەیەنراوێکی لەسەر سازکردنی ریفراندۆم لە کەرکوک بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، وەک ھەستکردن بە پەرسیارێتی نیشتمانی و پاراستنی یەکێتی خاکی عیراق، ھەموو ھەنگاوەکانی (دیکتاتۆری کوردستان) بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و یەکێتی عیراق رەتدەکەینەوە، ھەروەک ئەوەش رەتدەکەینەوە کە "حکومەتی خێڵەکی بارزانی" دەیەوێت دۆخی یاسایی و مێژویی کەرکوک و بەشێک لە پارێزگاکانی موسڵ و دیالە بگۆڕێت.
لەو راگەیەنراوەدا بزوتنەوەی ئیرادە داوا لە د.فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عیراق دەکات، وەک پارێزەری دەستور و سەروەریی عیراق، ھەست بە بەرپرسیارێتی بکات و پابەندی ئەو سوێندە بێت کە خواردویەتیو ھەڵوێستی ھەبێت لەسەر ھەوڵەکانی "حاکمی ھەولێر کە ماوەی ویلایەتەکەی بەسەرچوە".