بارزانی لە دوای ڕیفراندۆم : ئەم ڕیفراندۆمەى ئەنجامدراوە نە بۆ فەرزکردنى ئەمریى واقیع و نە بۆ جیاکردنەوەى سنورە
مەسعود بارزانی،رایگەیاند، ئەوەی لە 25ی ئەیلوول گەلی کوردستان بڕیاری لەسەر دا، کە دەنگی "بەڵێ" بوو بۆ سەربەخۆیی، تاوان نییە و دژی دەستووری عێراقیش نییە، بۆیە "لە 25ی ئەیلوولەوە کوردستان چووەتە قۆناخێکی نوێ و مافی خۆمانە بڕیاری خۆمان بدەین".
بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی ڕیفراندۆمی هەرێمەوە بۆ سەربەخۆیی ڕایگەیاند "سوپاسی دۆستەکانمان دەکەین کە هاوسۆزمان بوون لەم پرۆسەیەدا."
هەروەها وتیشی "مادام دەستور پێشێلکرا ئەوا مافی خۆمانە بڕیاری خۆمان بدەین و گەلی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلولدا بڕیاری خۆی دا و چووە قۆناغێکی نوێوە."
ڕاشیگەیاند "پێویستە هەموومان لە بەرگى حزبایەتى دەربچین و بچینە ژێر چەترى نیشتمان، پێویستە ناکۆکى و ململانێکان وەلابنێین و بەهەموومان لاپەڕەیەکى نوێ هەڵبدەینەوە."
وتیشی "بەداخەوە ئیلتیزام بە دەستورى عێراقەوە نەکرا و شەراکەت پێشێلکرا و ئەوان هەموو ڕێککەوتنەکانیان پێشێل کرد."
بارزانی داوای لە حکومەتى عێراق و بەرپرسانى عێراق کرد بە وردى خوێندنەوەیەک بۆ میژووى کورد بکەن و وتیشی "لە جیاتى هەڕەشە وەرن با گفتوگۆ بۆ ئایندەیەکى باشتر بکەین."
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر گەلێک خۆى شەرعییەت بە بڕیارى خۆى دەدات نەک خەڵکى تر.
وتیشی "ئەم ڕیفراندۆمەى ئەنجامدراوە نە بۆ فەرزکردنى ئەمریى واقیع و نە بۆ جیاکردنەوەى سنورەداوا لە عەبادى دەکەم کە دەرگاى گفتوگۆ دانەخات."
ڕاشیگەیاند، لە هەموو دۆخێکدا تەئکید لە برایەتى کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتەکان دەکەنەوە.
وتیشی کە باشترە وڵاتانى دراوسێ ڕۆڵ بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخەکە بگێڕن و تەنیا لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ ڕێگەى ڕاستە بۆ چارەسەرکردنى کیشەکان نەک هەڕەشە و زمانى زبر.
ڕاشیگەیاند "کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دڵنیا دەکەینەوە کە لە ئیستاوە ئامادەین بۆ گفتوگۆى جدى لەگەڵ بەغدا، ئاوارەکان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان ماڵى خۆیانە تا ئەو کاتەى دەگەڕێنەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت یەکسانى سیاسى و مەدەنى لەنێو هەموو هاوڵاتیاندا بەرقەراربێت.