سیناریۆی پارتی و یه‌كێتی بۆ ده‌ركردنی یاسای ریفراندۆم له‌په‌ڕله‌مان
بڕیاره ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی كوردستان كۆبێته‌وه، بۆ تاوتوێكردنی پرسی ریفراندۆم و ده‌ركردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت له‌و باره‌یه‌وه.
به‌پێی كارنامه‌ی دانیشتنی په‌ڕله‌مانی كوردستان، دوا به دوای كاراكردنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كانی، وه‌ك مانه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆن، یاخود راسپاردنی به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندام و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی نوێ، چه‌ند شێوازێكی یاسایی هه‌یه بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.
به‌پێی زانیارییه‌كان، شێوازی یه‌كه‌م بریتییه له‌دووباره پهسهندكردنهوهی رۆژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
شێوازی دووه‌م بریتیی یه له‌ده‌ركردنی یاسایی تایبه‌ت به ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها شێوازی سێ یه‌م بریتی یه له ده‌نگدان (به‌شێوه‌ی بڕیار) له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم، كه له 7 ی حوزه‌یران ده‌رچوو تایبه‌ت به ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له 25ی ئه‌یلول. شێوازی چواره‌میش په‌سه‌ندكردن و راسپاردنی بڕیاری كۆمیسۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی تایبه‌ت به ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه له 25ی ئه‌یلول، كه له 12هی ئه‌یول له لایه‌ن كۆمیسۆنهوه ده‌رچووه‌و تیایدا وه‌ڵامی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌ڕله‌مان دراوه‌ته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌گه‌رێكی لاواز هه‌یه یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ریفراندۆم ده‌ربچێت چونكه پێویستی به واژووی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌بێت، بۆیه له دانیشتنه‌كه‌دا په‌ڕله‌مان ته‌نها به زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كات و رۆژی ریفراندۆم ده‌دات، پاشان هه‌ڵده‌ستێت به په‌سه‌ندكردنی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم و راسپاردنی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی هه‌رێم.
تائێستا هه‌ریه‌كه له‌فراكسیۆنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتوو ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه بۆ به‌شداریكردن له‌كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام هێشتا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی بڕیاری كۆتاییان نه‌داوه له‌و باره‌یه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان، دوای زیاتر له‌دوو ساڵ دێت له‌په‌كخستنی، كاتێك به‌بڕیاری پارتی رێگری له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی له‌هه‌ولێر.