خواهەڵناگرێ
د.شیركۆ عبدالله
بەخێربێیتەوە.. سەفەرێكی خۆش.
ـ قوربانت بم. بێ تۆ ناخۆش.. بەڕاستی جێگەت دیاربوو.
بەخۆشیتان بێ.. جەماعەت چۆنن؟
ـ هەموو سەلامیان عەرز ئەكردی.. سەلیمو نوری و حەیدەرو جەماعەت هەموویان.
ئێ.. چیتان كرد بۆ مەوزوعەكە؟
ـ حەل بوو. تەواو.
یەعنی قبوڵیانە جیابینەوە؟!
ـ راستت ئەوێ ئەوەندە مەوزوعی خۆش باسكرا روومان نەهات باسی ریفراندۆم بكەین.
های لەو وەفدە؟.. ئەی كەواتە بۆچی چوون؟!
ـ چووین جەوەكە تاقی بكەینەوە.
ئەی چۆن بوو؟
ـ گەرماكەی لە ئەقڵا نییە بەگم. خۆیان گیانێكیان بە دیشداشەكەیە ئەگینا بەخوا ئەتەقن. ئینسان تا گەرمای ئەوێ نەبینێ نیعمەتی دیشداشەی بۆ دەرناكەوێ.
لەسەر ریفراندۆم هیچتان باس نەكرد؟
ـ بە موباشیری نا..
ئەی غەیر موباشیر؟
ـ بەخوا بەغەیر موباشیرییش هیچمان نەوت. بەس قابیلە نەزانن بۆچی چووین؟
ئەی ئەوان خۆیان هیچیان نەوت؟
ـ خۆیان كێن؟
حەیدەرو جەماعەت.
ـ بڵێن چی یەعنی؟
باسی ریفراندۆمەكە.
ـ نەوەڵـڵا خواهەڵناگرێ ئەوانیش هیچیان نەگوو.