ڤیدیۆ : لە کوردستان مۆبایلێکی iphone بۆ ماوەی نیو سەدە قوفڵ دەبێت
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی مۆبایلی ئایفۆن ئەوەیە، ئەگەر بۆ چەند جارێك بە هەڵە وشەی نهێنی بەکاربهێنیت بۆ كردنەوەی مۆبایلەكەت ئەوا بۆماوەی چەند خولەكێك قوفڵ دەبێت، ئەگەر ئەو هەڵەیە دووبارە بكرێتەوە بۆ چەند جارێك، ئەوا بۆماوەی چەند كاتژمێرێك قوفڵ دەبێت.
ڕەنگە ئەمە شتێکی دەگمەن و نامۆ بێت بە لای زۆربەی کەسەکانەوە کە مۆبایلێک بۆ ماوەی چەندەها ساڵ لە کارکردن بوەستێت، بەڵام تا ئێستا ئەوەت نەبیستووە کە ئەم گرفتە کوردستانیشی گرتەوە، مۆبایلێک لە کوردستاندا بۆ ماوەی (٤٧) ساڵ قوفڵ دەبێت بەهۆی بەکارهێنانی وشەی نهێنی هەڵەوە چەند جارێک.
حەمید ئەحمەد دانیشتووی شاری سلێمانی بە ماڵپەڕی ئێن ئاڕ تی دووی ڕاگەیاند "مۆبایلەکەم (iphone 5s) و لە دوای بە هەڵە لێدانی سێ جار وشەی نهێنی، لەسەر شاشەی مۆبایلەکەم دەنوسرێت کە لە دوای ٤٧ ساڵی دیکە قوفڵی مۆبایلەکە دەکرێتەوە."
هەروەها ئەم گرفتە لە وڵاتانی دیکەشدا ڕووبەڕووی هەندێک لە بەکارهێنەرەکانی "iphon 5s"، بۆتەوە کە هەریەکەیان بە هۆی هۆکارێکەوە مۆبایلەکانیان بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ قوفڵ بووە.
هەندێک لەو بەکارهێنەرانە ئاماژەیان بە چارەسەری ئەم گرفتە کردووە بەڵام وەک ئاماژەی پێدەکەن کاتێکی زۆری دەوێت و دڵنیا نین لە سەرکەوتنیان لەم کارەدا.
ماڵپەڕی "lifewire" چارەسەرێکی دوو خاڵی خستووەتە ڕوو بۆ ئەم کێشەیەی ئایفۆن کە بریتین لە:
١- یەکەم ڕێگا گێڕانەوەی سیستمی ئایفۆنەکەیە لەڕێگەی “backupەوە بە جۆرێک دەبێت بەکارهێنەر مۆبایلەکەی بە کۆمپیوتەرەوە ببەستێتەوە بە بەکارهێنانی "itunes". دواتر کلیک بکە لەسەر "restore" بکە و پاش تەواوکردنی ڕێگاکان دەتوانیت مۆبایلەکەت بەکاربهێنیتەوە، بەڵام دەبێت ئاگادار بیت چونکە سیستمی مۆبایلەکەت دەگەڕێنیتەوە پێش ئەو ماوەیەی کە "backup"ت کردووە، واتە هەر داتایەک دوای باکئەپ لە مۆبایلەکەتدا بووبێت نامێنێت.
٢- ئەگەر ئەوە چارەسەری نەکرد، ئەوا ڕێگەی "recovery mode" بەکاربهێنە؛ سەرەتا مۆبایلەکەت بکوژێنەرەوە و دواتر بیبەستەرەوە بە کۆمپیوتەرەوە لەڕێگەی "itunes"ەوە. دواتر دەبێت قۆناغێکی دیکە جێبەجێ بکەیت کە پێی دەوترێت "hard reset"، پەنجە لەسەر دوگمەی کوژاندنەوە و هۆمەکە دابگرە بۆ ماوەی ١٠ چرکە، کاتێک لۆگۆی ئایفۆنەکەی نیشاندا پەنجەت لامەبە هەتا "connect to itunes" دەردەکەوێت و دواتر پەنجەت لابە، بەم شێوەیەک مۆبایلەکەت دەچێتە "recovery mode"ەوە، دواتر لە بەرنامەی "itunes"دا ویندۆیەک نیشان دەدات کە نووسراوە "update" یان "restore"، کلیک بکە لەسەر "update" و ئەمە کێشەکە چارەسەر دەکات بەبێ ئەوەی هیچ داتایەک بسڕێتەوە.ئەگەر ئەوەش چارەسەری نەکرد، ئەوا جارێکی دیکە قۆناغی دووەم دووبارە بکەرەوە، بەڵام لەبری "update" کلیک بکە لەسەر "restore".
