جەمیل بایک : هیوادارم یەکێتی بەڕاستی ئاگاداری پلانەکەی میتی تورکیا نەبووبێت
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ڕایگەیاند، هیوادارن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاگاداری پیلانەکانی میتی تورکیا نەبووبێت.
جەمیل بایک ڕایگەیاندووە، میتی تورک لە ناوچەکانى پارتی و یەکێتی بەنیازی ئۆپراسیۆنە دژی پەکەکە و وتیشی ڕێگرى کرا لە پیلانگێڕییەکى ترى دەوڵەتى تورکیا و شکستی هێنا.
وتووشیەتی "سەعدى ئەحمەد پیرە دەڵێت یەکێتی ئاگاداری ئەو پیلانانە نەبووە و هیوادارین هەر وا بێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگادارن کە ئەردۆغان و باخچەلی دەیانەوێت لە ڕێگای سوپای تورک و شەڕی تایبەت و میتی تورکەوە پیلانگێڕی و هێرش بکەنە سەر بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە.
هەروەها وتیشی، لە هەرێمی کوردستان هەندێک لقی میت هەن، کە بە مەبەستی شەڕی تایبەت کاردەکەن و ئەوان لەو بارەیەوە زانیارییان لە بەر دەستدایە.
ڕاشیگەیاند "بێگومان نابێت هێز و حزبەکانی باشوری کوردستان لەناو ئەو کار و پیلانانەی میتی تورک دا جێ بگرن، ئیمە هیوادارین وا بێت، ئەگەر لەناو ئەو پیلانانەدا جێبگرن گەورەترین دوژمنایەتی پەکەکە و گەلی کوردیان کردووە."
ئەمڕۆ سهعدی ئهحمهد پیره، وتهبێژی مهكتهبی سیاسیی یەکێتى لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکى بۆ دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى نێردراوە و تیایدا هاتووە، لهچهند رۆژی رابردوودا پهیوهندیی نێوان كۆماری توركیا و یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان گرژی بهخۆوه بینی "هۆی ئهم گرژییه دهگهڕێتهوه بۆ ههوڵدانی دام و دهزگاكانی ههواڵگریی توركیا بۆ ئۆپراسیۆنێك له سنووری سلێمانی بهبێ ئاگاداری دام و دهزگاكانی ههرێمی كوردستان لهدژی پهكهكه".
ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، دوای ١٧ ساڵ لە دەستبەکاربوونی وەک نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە، دواجار بە بڕیارێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەهرۆز گەڵاڵى ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
سەبارەت بەو ڕووداوەى کە بووە هۆى داخستنى نوێنەرایەتى یەکێتى لە ئەنقەرە، تائێستا نە یەکێتى و نە حکومەتى تورکیا بە فەرمى وردەکارى ڕووداوەکەیان باس نەکردووە.
هاوکات هەرچەندە تائێستا نە پەکەکە و نە میدیاى پەکەکەش هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکى نا فەرمى نزیک لە پەکەکە باسیان لەوەکردووە کە لە ماوەى ڕابردوودا تیمێکى تیرۆرى تورکیا کە ویستوویانە سەرکردەیەکى کوردى باکورى کوردستان تیرۆر بکەن لە هەرێمى کوردستان دەستگیرکراون کە بەپێى ئەو سەرچاوە نا فەرمییانە پەکەکە ئەو تیمەى دەستگیرکردووە.