دەبێ پارتییەكان دوعا بۆ سەدام بكەن
ئهحمهد میره
بیست ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر خیانەتی گەورەی 31ی ئابدا، ئەو خیانەتەی بەتەواوەتی نەخشەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی گۆڕیو بەتەواوەتییش چەمكی كوردایەتیی خستە ژێر ئەو پرسیارەوە؛ ئایا كوردایەتی بەخیانەتەوە تامی چۆنە؟
پێش 31ی ئابی 1996 ڕووداوی نەخوازراوی زۆر گەورە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتبوو، هێزە شەڕكەرەكان یەكتریان بە پەلكێشكردنی سوپای بێگانە بۆ سەر خاكی هەرێم تۆمەتباردەكرد، ئەم تۆمەتانەش پڕبوون لەڕاستیی سیاسیو هەر ئەو پەلكێشكردنانەش بوون دۆخەكەیان گەیاندە ئاستێكی مەترسیدارتر.
ئەگەر شەڕی ناوخۆو هێنانی سوپای بێگانە بەشێوەی ژێر بەژێر بۆ تەسفیەكردنی یەكتری تاوانێكی سیاسی بێت، ئەوە هیچ كات ناكرێت بەو پاساوەی پێشوو ڕووداوی 31ی ئاب ڕووبدات. گرنگترین دەرهاویشتە سیاسییەكانی خیانەتی 31ی ئاب لەسەر نەخشەی هەرێمی كوردستان بریتین لە:
یەكەم: پارسەنگی سیاسیی بەشێوەیەكی جەوهەری گۆڕیو پارتیی لەهێزێكی لاوازی ناو شەڕی ناوخۆی هەرێمەوە كردە هێزی یەكەمو گەورەی كوردستانی عێراق.
دووەم: دوای خیانەتی 31ی ئاب لەناو كەلتوری كوردەواریدا خیانەتكردن بووەتە مۆدێلێكی سیاسیی باوو هەر هێزێك زانیی لەمەترسیدایە، ئەوە پەنادەبات بۆ هێزی دەرەكیو كێشە سیاسییەكانی خۆی پێ یەكلاییدەكاتەوە.
سێیەم: خیانەتی 31ی ئاب بەشێوەیەكی فەرمیو ئاشكرا كوردستانی كرد بە مۆڵگەی دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی دراوسێو جیهان، بەجۆرێك تارمایی ئەو دەزگا هەواڵگرییانە بەتەواوەتی لەهەرێمدا هەستیانپێدەكرێت.
چوارەم: خیانەتی 31ی ئاب گورزێكی كوشندەی دا لەپرۆسەی بەدیموكراتیكردنی سیستمی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستانداو بەهای بۆ هەڵبژاردنو ململانێی مەدەنی نەهێشتەوە، بەجۆرێك ئەو بابەتەی بێبەهاكردووە، كە تاوەكو ئێستاش گەمە دیموكراتییەكان ناتوانن لەناوخۆی هەرێمدا ڕۆڵی یەكلاكەرەوەو گرنگ بگێڕن.
پێنجەم: خیانەتی 31ی ئاب لەهەرێمی كوردستاندا لۆژیكی هێزی زاڵكردو كۆمەڵگای بەشێوەیەك پڕ چەككرد كە شوێنەوارەكەی تا ئێستاش بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.
شەشەم: خیانەتی 31ی ئاب كۆمەڵگەی كوردیی بەتەواوەتی دابەشكردو مۆركێكی حیزبییانەی تۆخی پێبەخشیو بووە هۆكاری ئەوەی هەر كەسێك بۆ زامنكردنی ئاسایشی گیانی خۆی پەنابەرێتە بەر حیزبێكی دیاریكراو.
حەوتەم: خیانەتی 31ی ئاب بووە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ ئەوەی باندەكانی مافیاو گەندەڵكاران لەناو دەزگاكانی حكومەتی هەرێم گەرا دابنێنو بەتەواوەتی پرۆسەی چاكسازیی پەكخستو شێواوییەكی زۆری بەخشییە دامودەزگاكانی حكومەت لەهەرێمدا.
هەشتەم: خیانەتی 31ی ئاب سەرچاوەی سەرەكیی دابەشكردنی هەرێم بوو بۆ دوو ئیدارەییو ماڵوێرانیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو پاش بیست ساڵ هێشتا شوێنەواری دووئیدارەیی بە حكومەتی هەرێمەوە دیارە.
نۆیەم: خیانەتی 31ی ئاب، یەكەم زەنگی مەترسیداری شكاندنی شكۆی دامودەزگا شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان بوو بەپەرلەمانو حكومەتەوەو دامەزراوە حكومییەكانی لەبەها نیشتیمانییەكان داماڵیو كردنی بە دامودەزگای حیزبیو بنەماڵەیی.
دەیەم: خیانەتی 31ی ئاب، كۆسپێكی گەورەی بەردەم ئەو خەونە بوو كە كورد هەوڵی بۆ دەدا، ئەویش خەونی دروستكردنی دەوڵەتی كوردی بوو، كەچی بەداخەوە هەر ئەوانەی هۆكاری پشت خیانەتی 31ی ئابو ئەنجامدەریشی بوون، ئێستا بۆ موزایەدەی سیاسی بانگەشەی دەوڵەتی كوردی دەكەن، لەڕاستیدا دەبێت كاتێك باسی دەوڵەتی كوردی دەكرێت، ئەنجامدەرانی 31ی ئاب وەك هەمیشە لەژوورە تاریكەكاندا خۆیان حەشاربدەن.
یازدەیەم: خیانەتی 31ی ئاب، چەندین دەرئەنجامی تری لەسەر ئاستەكانی ئابووریو كۆمەڵایەتیو فەرهەنگیی لەهەرێمی كوردستاندا بەجێهێشتووە، كە دەكرێت لەڕێی توێژینەوەی زانستیی وردەوە دەرەنجامەكانی بخرێنەڕوو.
لەئێستاشدا هەركاتێك ململانێ نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان تونددەبنەوە، مەترسیی ئەوە دێتە پێشەوە 31ی ئابێكی تر دووبارەببێتەوە، بەئاشكراش لەسەروبەندی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمو ویلایەتی بارزانیدا بەكردار هەڕەشەی دووبارەكردنەوەی 31ی ئابێكی تری دەكرد، لەڕاستیدا هەمیشە پارتی توانای دووبارەكردنەوەی خیانەتی لەو جۆرەی هەیەو دەبێت لەهەموو كاتێكدا ئێمە چاوەڕێی تاوانی سیاسیی لەو جۆرە ببین، هەر چۆن ئێستا بەشێوەی ناڕاستەوخۆو بەكرداری مومارەسەی هەمان جۆر خیانەت دەكات لەڕۆژئاوی كوردستان.
سەرەڕای هەموو ئەو مەترسییانەی پێشتر ئاماژەمان پێدان، خیانەتی 31ی ئاب بۆ پارتی نیعمەتێكی خوایی بوو، هەر بۆیە پێویستیشە هەموو پارتییەك تا ڕۆژی قیامەت دوعای خێر بۆ سەدامو ڕژێمی بەعس بكەن.