وردەكاری ڕفاندن و كوشتنی پیشمەرگەیەكی یەكێتی لە شنگال بڵاودەكرێتەوە
لەسنووری قەزای شنگال، پێشمەرگەیەكی یەكێتی و هاوڕێیەكی، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە دەڕفێندرێن و دوای كوشتنی پێشمەرگەكە، تەرمەكەی رادەستی كەسوكارەكەی دەكرێتەوە، هاوڕێكەشی بە برینداری لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.
ساڵح گەرگەری، كارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی، بە SNNی ڕاگەیاندوە: لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا، هەریەك لە (فارس نەواف قەراجە) تەمەن 25 ساڵ، كە پێشمەرگەیە لەفەوجی 3ی لیوای 11ی هێزەكانی 70، لەگەڵ كەسێكی تر بەناوی خزر عەزیز حسێن، ئۆتۆمبێلێكی جۆری كرایسلەر و بڕی 10 ملیۆن دیناریان پێبووە، دوای ڕفاندنیان لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە، تەرمی پێشمەرگەكە لەنێوان خانەسۆرو سنونێ فڕێ دەدرێت و هاوڕێكەشی بریندار دەكرێت.
وتیشی:" شوانێك كە لەو سنورە بووە، تەرمەكەی بینیوەو ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستانی لێ ئاگاداركردۆتەوە، ئەوانیش تەرمەكەیان هەڵگرتۆتەوەو بریندارەكەشیان بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری حەسەكە كردووە".
بەرپرسەكەی یەكێتی وتی:" تا ئێستا هۆكاری ڕفاندنی ئەو دوو كەسە بەنادیاری ماوەتەوە، بەڵام هەردوكیان بەنیازی بازرگانی و كڕینی بەروبومی كشتوكاڵی، چوونەتە خانەسۆر".
سەبارەت بەچارەنوسی تەرمی پێشمەرگەكەو ئەو كەسەی برینداربووە، ساڵح گەرگەری ئاشكرایكرد: پەیوەندیمان بەئاسایشی ڕۆژئاوا كردووەو تەرمەكەیان ڕادەستكردینەوە، بەڵام بریندارەكە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت بۆئەوەی وردەكاری روداوەكە بزانرێت، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆش كەسوكارەكەی لە شاری حەسەكە سەردانی بكەن.