لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ک جێگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی
كاروان عه‌لی شامار
گومان له‌وه‌یا نییه لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لاچوو لەسەر ئەو سکە راست و رێکەى سێ دەیەیه لەسەری دەڕوات، ئه‌میش به‌هۆی نه‌بونی کاریزمایه‌کی هاوشێوه‌ی مام که توانای حه‌سمکردنی بڕیاره گرنگه‌کانی هه‌بێت، هه‌موو ئاماژه‌کان له دوای تاڵه‌بانی ده‌ڕواننه ڕۆڵی گه‌نجێکی سیاسی دیپلۆماتکار، هه‌نوکه نه‌ک ته‌نها له ئاستی ناوخۆی وه‌لێ وڵاتانی زلهێزی دنیا به‌گرنگه‌وه له‌توانای لاهور ده‌روانن، بینینی وه‌فده‌کان له ئاستی باڵا‌و پێشوازی لێکردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆکی وڵاتانی زلهێزی دنیا‌و هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی ده‌یان سمینار له زانکۆ هه‌ره گه‌وره‌و گرنگه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن که لاهور ئێستا فیگه‌رێکی بێ ڕکابه‌ره، به‌شێوه‌یه‌ک که‌م سیاسی چانسی ده‌رکه‌وتنی وه‌ک ئه‌ویان هه‌یه، له‌خواره‌وه مشتێک له خه‌رمانی شانازی لاهور ده‌خه‌مه‌ڕوو که به‌و پێودانگانه‌ش بێ له داهاتوو هیچ که‌س بارته‌قای ئه‌و نماینده‌ی مام ناکات و وه‌ک ئه‌ویش نابێ به جێ ئومێدی یه‌کێتی و یه‌کێتیه‌کان…
(1)
په‌یوه‌ندی دیپلۆماتی
دوای نه‌خۆشکه‌وتنی مام جه‌لال په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌کیه‌کانی یه‌کێتی به‌ره‌و لاوازی چووه به‌شیوازێک له‌سه‌رده‌می تاڵه‌بانی سلێمانی ببو به پایته‌ختی بیانیه‌کان و زۆرێک له سه‌رکرده سیاسیه‌کان ئاشنا بوون به‌و شاره، وه‌لێ به داخه‌وه دوای دورکه‌تنه‌وه‌ی مام له گۆڕه‌پانی سیاسی یه‌کێتی ده‌ستی به‌و په‌یوه‌ندیانه‌وه نه‌گرت به‌شێوه‌یه‌ک هه‌نوکه پارته سۆسیال دیموکراته‌کانیش نایه‌نه سلێمانی، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و کۆششی لاهور شێخ جه‌نگی خه‌ریکه جارێکی تر سلێمانی باوه‌ش بۆ ئه‌و وه‌فده بیانیانه ده‌کاته‌وه که ماوه‌یه‌که ئاراسته‌ی سه‌ردانه‌کانیان به‌ره‌و هه‌ولێر گۆریوه، هه‌ر وه‌فدێک دێته کوردستان به‌بێ سه‌ردانی جهناڕاڵه گه‌نجه‌که ناگه‌ڕێنه‌وه، به‌مه‌ش توانیویه‌تی ئه‌و لینکه سیاسی و دیپلۆماسیه بۆ یه‌کێتی و ده‌ڤه‌ره‌که بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌شێوازێک میوانخانه‌کانی شێخ لاهور جمه‌یان دێت له سهرۆکو کونسڵی وڵاتان، هه‌موو ئه‌وانه‌شی که دێنه سلێمانی بینینی لاهور به‌گرنگ ده‌زانن و له‌ئه‌وله‌ویه‌تی کاره‌کانیان ده‌بێ.
(2)
رێکه‌وتنی ده‌باشان
ئه‌گه‌رچی رێکه‌وتنی ده‌باشان به‌ئاماده‌بونی کۆچکردوو کاک نه‌وشیروان و جه‌نابی مام جه‌لال واژوو کرا وه‌لێ تا ئێستا هه‌نگاوه‌کانی له ئاست خواستی جه‌ماوه‌ری هه‌ردولا نییه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی تاقمێکی ده‌سکه‌لای پارتی که رێگری و به‌ربه‌ستی بۆ دروست ده‌که‌ن به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که بارته‌قای زیاتر له حزبه‌که‌یان نزیکایه‌تیان له‌گه‌ل ماڵباتی بارزانیدا هه‌یه، ئەوەندەى تێبینیم کردبێت ئەم گەنجە زیاتر له هه‌ر که‌سێک غەمی چێبه‌جێکردنی رێکەوتننامەى نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕانی هه‌یه، چونکە باش دەزانێت ئاییندەى سنووری (سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و که‌رکوک) تەنها و تەنها یەکێتی و گۆڕان بەرێوەی دەبەن. وێرای هه‌موو به‌ربه‌ست و ڕێگریه‌کان لەبەردەم ئەو رێکەوتنە مێژوییە، بەڵام ئومێدم وایە لاهور تاڵەبانی ئەو بنبەستانە بشکێنێت لەدەمکەلەوە ئاسۆ بهێنێت. یەقینم وایە ئەو شەو نخونییەی برازاکەى مام بۆ ئەم رێکەوتننە مێژووییە دەستی داوەتێ بێ بەرهەم نابێت و لەئاییندەدا جیلی دواتر لاهور وەک فریاد رەسێکی یەکێتی ناو دەهێنن.
(3)
هه‌ڵوێستی شلگێری له‌مه‌ڕ نه‌یارانی یه‌کێتی
هه‌ڵوێست یه‌کێتی نیشتیمانی به‌تایبه‌ت له ئاستی باڵادا به‌رامبه‌ر به پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ڵوێستێکی شه‌رمنانه‌یه و جێگه‌ی دڵخۆشی نییه ئه‌مه‌ش به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی بێت یاخود به‌ده‌سته‌وه‌دانی عه‌یبه‌ی هه‌ندێکیانه‌وه، گومان له‌وه‌ش نیه به‌شێکیان ئێستا ئه‌جندای پارتی له‌نێو حزبه‌که‌یان جێبه‌جێده‌که‌ن به‌شێوازێک پارتی چیان پێ بڵێت ناتوانن به میل لێی لابه‌ن، باشترین نمونه‌ش مه‌کته‌ب سیاسیی هه‌یه قسه‌کانی بارزانی له ئایه‌تی قورئان به پێرۆزتر ده‌زانێ! له‌مه‌شدا هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕ و شلگێرانه‌ی فریادڕه‌سه‌که‌ی یه‌کێتی له‌مه‌ڕ پاڕتی دیموکراتی کوردستان بهرزدهنرخێنرێ نه‌ک ته‌نها له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی یه‌کێتی وه‌لێ له‌لایه‌ن به‌شێكی زۆر له لایه‌نگرانی گۆران و پارته ئیسلامیه‌کانیشه‌وه ، هه‌ربۆیه بۆ زۆر پرسی چاره‌نوساز له‌بری مه‌کته‌ب سیاسی پرس به‌و ده‌که‌ن، خۆشه‌ویستیشیان بۆ کاک لاهور که‌متر نییه له خۆشه‌ویستیان بۆ سه‌رکرده‌کانیان.
(4)
په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ باکور و ڕؤژئاوا
هیچ کات په‌یوه‌ندیه‌کانی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا‌و باکوردا بارته‌قایی ئێستا باش نه‌بووه هۆکاری ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و لینکه سیاسی و سهربازیهوهیه که لاهور شێخ جه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دورستی کردووه، خۆشه‌ویستی شه‌ڕڤانان له رۆژئاوا بۆ لاهور گه‌شتۆته راده‌یه‌ک شه‌قامێکی سه‌ره‌کی به‌ناویه‌وه ده‌که‌ن، لهههرکوچهو کۆڵانێکی کۆبانی بپرسی لاهور کێه؟ بێ وچان پێت ده‌ڵێن لاهور ئه‌فسانه‌ی داعش شکێنه‌و گه‌ر ئه‌و نه‌بایه کۆبانی ده‌که‌وت، وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌یان شه‌ڕڤان و گه‌ریلا به هاوکاری ئه‌و ده‌هێنرێنه سلێمانی بۆ چاره‌سه‌ر به‌مه‌ش به‌رپرسانی په‌که‌که و په‌یه‌ده و یه‌په‌گه لاهور به‌به‌شێک له‌خۆیان ده‌زانن و ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که جه‌نابی مام له‌گه‌ڵ رۆژئاوا و باکور ده‌یگرته‌به‌ر ئیستا شێخ نماینده‌ی ده‌کات و گه‌ر ئه‌و نه‌بایه له مێژه ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ش له‌بار ده‌بران باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ قسه‌کانم هه‌ندێک له‌سه‌رکرده‌ی سه‌ربازی و مه‌کته‌ب سیاسیه‌کانی یه‌کێتی به ئیشتاشهوه ده‌ڵێن په‌که‌که هێزێکی شه‌ڕخوازه و ده‌بێ خاکی کوردستان جێبهێڵێت!
(5)
سه‌رکردایه‌تی ئاراسته‌یه‌کی نوێ
له دوو هه‌فته‌ی رابردوو گه‌رمترین بابه‌تی میدیاکان ئه‌وه بوو که زیاتر له 30 ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی واژویان کردووه مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و یه‌کێتی ده‌ستکات به گۆرانکاری و هه‌روه‌ها باشکردنی بژێوی هاونیشتیمانیان له ئه‌وله‌ویه‌تیان بێت، ئه‌م ئاڕاسته‌یه نوێیه کاک لاهور سه‌رپه‌ره‌شتی ده‌کات و به‌هه‌وڵه‌کانی توانی زۆرینه‌ی مه‌کته‌ب سیاسی و سه‌رکردایه‌تی کۆبکاته‌وه کۆده‌نگیه‌ک دروست بکات له‌مه‌ر روادو پرسه گرنگه‌کان، به‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک ئومێدێکی دایه‌وه به‌به‌ر یه‌کێتیه‌کان به‌تایبه‌ت له‌م بارودۆخه چه‌قبه‌ستوه سیاسیه‌دا، یه‌قینم ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ست و رێگری له‌به‌رده‌م ئه‌م گه‌نجه‌دا دروست نه‌کرێت یه‌کێتی ده‌خاته‌وه سه‌ر شاڕێگه‌ی خۆی، بپێچهوانهشهوه یه‌کێتی بۆ ئه‌به‌د ناتوانێ جارێکی تر وه‌ک ساڵانی رابردوو ببێته جێ ئومێدی هاونیشتیمانیان.