یەكێتیەكەی جاران و یەكێتیەكەی یاران
ئەو یەكێتیەی تاڵەبانی سكرتێرو نەوشیروان مستەفا جێگری سكرتێری بوو ، یەكێتیەك بوو بەر لە ناو خۆ وڵاتانی دەورو بەرو دنیاش حسابیان بۆ دەكرد، نەك حساب ، یەكێتی بە كڵاشینكۆفی ژەنگنەوە هەندێ جار شەڕی گەورەی وڵاتانی دیكەیشی كردووە ، لە مێژووی ئەم حزبە یاخیەدا كە لە سەرەتای دروستبوونیەوە بە هەموو لایەك ویستیان لە پەل و پۆی بخەن و هەستایەوە ، شەڕەكانی هەكاری ، كوشت و بڕو فێڵ و تەڵەكەكانی بادینان و زۆری تر تەقەلای ئەوە بوون كە یەكێتی نەكەوێتە سەر پێ ، كاتێ كەوتە سەرپێ تیپەكانی ئەو حزبە چەندین شەڕو داستانیان لە مێژوی باشوری كوردستاندا تۆمار كرد ، بە تەنێ پارتیزانەكانی دوای ئەنفال بەسە بۆ ئەوەی كارەكتەرەكانی ئەو حزبە وەك شۆڕشگێڕی دێرین تەماشا بكرێن ، تەنانەت لە دوای راپەڕینیش یەكێتی هەمیشە لەسەنگەری شەڕدا بوو دژی حكومەتی عێراق .
ساڵی 1995 بوو كاتێ یەكێتی لە چوار چێوەی پڕۆژەیەكی گەورەتردا هەوڵی ئەوەی دا كەركوك رزگار بكات و پێشمەرگە تا قەرەهەنجیرو نزیكی كەركوك چون ، بەڵام لەبەر پەشیمانبوونەوەی ئەو هێزەی گوایە لە لە لایەكی ترەوە دەست پێدەكات و نەیكرد پڕۆژەكە شكستی خوارد ، ئەو رۆژگارە سەرەڕای شەڕی ناوخۆ ، سەرەڕای هەڵەو كێماسیەكان یەكێتی بوون بەو رادەیە نەبوبووە هۆی دابڕان لە كۆمەڵی كوردەواری ، بەڵام دوركەوتنەوەی نەوشیروان مستەفاو نەخۆشكەوتنی مام جەلال ، یەكێتیەكەی جارانی نەهێشت ، یەكێتیەك لانی كەم بتوانێ زۆن و ناوچەی نفوزی خۆی گەرمیان و كەركوك و ئەو ناوچانە بپارێزێ و داكۆكی لە خەڵك و خەمەكانیان بكات .
یەكێتی ئەمڕۆ نەك لە ماڵی فرە كوێخا ، وەك ماڵی بێخاوەن وایە ، بۆ نمونە 30 ئەندامی سەركردایەتی ئیمزا بۆ پرسێك كۆدەكەنەوە كەچی پێچەوانەكەی دەگەڕێ ، كۆبونەوەی سەركردایەتی بڕیار لە شتێك دەدەن و لەو سەرەوە شتێكی تر دەگوزەرێت ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بە حساب كارەكتەری سەرەكی ئەو حزبە كە جارانی ئێمەیان رادەهێنا كە بەردەوام كێماسیەكانی ماڵباتی بارزانی و پارتی ببینین و ئەوانی خۆیان نا ، ئێستا هەرئەوەتا سێڵڤی لە تەك بارزانیدا ناگرن ، تەنانەت تێیاندا هەیە رۆڵی زۆر گەورەی گێڕا لە تێكدانی زیاتری نێوان مام و كاكە نەوە لە سەردەمی خۆیدا .
دۆستێك بۆی گێڕامەوە مام دواتر لەو وتارەش نیگەران بووە كە لە سەر نەوشیروان مستەفا خوێندیەوە، یەكێتیەكەی جاران دەیتوانی بڕیار بدات ، خۆی بڕیاری دەدا ، چاوەڕێ ی دەمی كەسی ناكرد بۆ بڕیاردان ، جگە لە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا كەسی بە بەرپرس و سەرۆكی خۆی نازانی ، رەهەندی قوڵ و پڕ كەندو لەند لە نێوان مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و بنكردایەتیەكەیدا نەبوو ، وەك ئێستا كەس لە خەمی كۆمپانیاو بیرە نەوت و بەرژەوەندی كەسیدا نەبوو ، پێشمەرگەی پێشمەرگەو كادیری كادیرو بڕیاری بڕیار بوو .
جاران كە یەكێتی قسەی دەكرد ، هەموو گوێیان دەگرت ، دەیان حزبی هاوپەیمان و بە هەڵوێستی هەبوو ، ئێستا نەهاوپەیمانی بە هەڵوێست و نەلە ناوخۆشیدا گوێ لە یەكتر دەگرن ، ئەم یەكێتیەی یاران هەرچیەك بێت یەكێتیەكەی جاران نیە ، ئەم یەكێتیەی ئێستا پێش ئەوەی هەرشتێك بكات ، پێش ریفراندۆم و هەرشتێ پێویستە كۆنگرە بكات و خۆی بكاتەوە یەكێتیەكەی جاران ، خۆی بكاتەوە ئەو هێزەی كە دەكرێت گوێی لێبگیرێت ، كۆنگرە بۆ حزبێك كە چەندین سەركردەی یان چوونەتە حزبێكی ترەوە ، یان خەریكی سێڵڤی گرتنن لە كۆبونەوەكانی ریفراندۆم ، یان دانیشتون، لە پێش هەمووشتێكەوەیە .
ئەم حزبە شانسێكی گەورەی هەیە كە تا ئێستا خەڵك ئومێدی پێیەتی و هیوای رێكخستنەوەی نێو ماڵەكەی بۆ دەخوازێت ، شانسێكی گەورەی هەیە كە لە رابردودا كۆمەڵێك پیاوی زرنگ و هۆشیار دروستیان كردووە ، ئەوەش هەر شانسە كە جارێكی تر مام و نەوشیروان مستەفا لە دەباشانەوە نەخشە رێیەكی نوێ دادەنێن ، بەڵام كەس نازانێ ئەو نەخشە رێیە لە گیرفانی كام ئەندامی مەكتەب سیاسیدا ون بوو .
ئەم وتارە پێشكەشە بەوەفدی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان كە بڕیارە دابنیشن .
لهتیف فاتیح فهرهج